لە سلێمانی تەنیا لە یەک نەخۆشخانە رۆژانە 15 تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئامارەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2022 دڵخۆشکەر نین. لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رۆژانە تێکڕا 15 تووشبوو تۆمار دەکرێن.
نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى یەکێک لە گەورەترین سەنتەرەکانى چارەسەرى شێرپەنجەیە ئامارەکانیان دەری دەخات، رۆژانە 1250 بۆ 1500 کەس بۆ پشکنین و چارەسەر سەردانیان دەکەن، لەو ژمارەیە رۆژانە 15 کەسیان وەک تووشبووى نوێى شێرپەنجە تۆمار دەکرێن.
محەممەد عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەرى رووبەڕووبوونەوەى شێرپەنجە دەڵێت، "ساڵانە نزیکەى 3 هەزار سەردانکەرمان هەیە، هۆکار ئەوەیە کە نەخۆشییەکە درێژخایەنە و دوو و سێ ساڵى پێویستە، 90%ـی ئەوانەى تووشدەبن بەتەمەنن و 10% منداڵن".
ئەگەر ئاماری یەک رۆژی نەخۆشخانەی هیوا بە نموونە وەربگیرێت ژمارەکان بەمشێوەیەن، رۆژی یەکشەممە 40 تووشبووی نوێ تۆمارکراون و 1029 کەس سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە، هەروەها 143 کەسیش چارەسەری کیمیایی وەرگرتووە.
گەردە محەممەد، تووشبوویەکی شێرپەنجەیە و دەڵێت، "لەپڕ پێیان گوتم تووشى شێرپەنجە بوویت، دواى ماوەیەک مەمکمیان بڕییەوە، ئیدی سێ ساڵە هاتووچۆى نەخۆشخانەى هیوا دەکەم".
ژیان قەرەداخى، نەخۆشێکی دیکەیە و دەڵێت، "نەخۆشییەکەم تێدا ماوە، بەڵام لە کۆنترۆڵدایە، پێشتر پشکنینم نەکرد، بەڵام پێویست بوو بیکەم".
سەڵاح ساڵح، تووشبوویەکی شێرپەنجەیە و دەڵێت، "من نەخۆشیى شێرپەنجەى کۆڵۆنم هەبوو، پێش دوو ساڵ نەشتەرگەریم کرد، ئێستا باشترم".
کامەران کەریم، یاریدەدەرى دەرمانسازە دەڵێت، "لە رووى دەرمانەوە تا رادەیەک باشین، بەڵام زیاتر ئەو دەرمانانەى کە گرانن، لێرە نیمانن".
سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیی سلێمانى لەبارەی بودجەی پێشگیری لە شێرپەنجە دەڵێت، "هیچ پارەیەکى حکومەتمان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەست نییە، ئەوەى کە لەملاولا دەستمان دەکەوێت، بۆ رووبەڕووبوونەوە بەکارى دەهێنین".
بەپێى ئامارەکانى نەخۆشخانەکە، 15% تووشبووانى شێرپەنجە لە جۆرى مەمکە، بەگشتیش 25% ئەوانەى سەردان یان تووشبووى نوێن لە هیوا، خەڵکى شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقن.