نێچیرڤان بارزانی: کاتی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە

رووداو دیجیتاڵ
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمی بانگەشەی پارتی لە دهۆک رایگەیاند، "دهۆک هەمیشە لە پشت پارتی بووە و نەیارانی بێ ئومێد کردووە."
 
جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتارەکەیدا جەختی لە گرنگیی هەڵبژاردنی داهاتوو کردەوە و گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی و داهاتووی ئێمە گرنگە و پارتی بەرەو یەک ملیۆن دەنگ دەڕوات."
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی دڵخۆشیی خۆی بە نەمانی شەڕ لە ناوچە سنوورییەکان دەربڕی و هیوای خواست: "ئاشتی هەمیشە لە ناوچەکە بەرقەرار بێت."
 
جێگری سەرۆکی پارتی رووی لە دەنگدەرانی پارتی کرد و گوتی، "پارتی بەردەوام دەبێت لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتن." هەر لەوێدا جەختی کردەوە: "سەرکەوتنی پارتی یەکسانە بە سەرکەوتنی کوردستان."
 
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا، سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک گوتی، "جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرکردەیەیە کە کاروانی ئاوەدانی کوردستانی پێش چەند ساڵ دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە."
 
گوتیشی: "جێدەستی ئەو و شوێنەواری پڕۆژە ستراتیجییەکانی ئەو دیارن، کوردستانی ئێمەی لە قۆناخێکی سەختەوە بردە قۆناخێکی زۆر باش و وێنەیەکی کوردستانی پێشانی نێوخۆ و دەرەوە دا."
 
سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆش بەردەوامی ئەو کاروانی بەردەوامییە لەلایەن کاک مەسرور بارزانییەوە بەردەوامە، زۆر خەونی کردە راستی بە درێژایی ئەم کابینەیەی کە کابینەی نۆیەمە."
 
نێچیرڤان بارزانی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ دواڕۆژی میللەتی ئێمە گرنگە
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی بادینانی کرد و دەلێ: "بادینان ئەو چیایە بڵندەیە هەمیشە لە هەموو ناخۆشی و زەحمەتییەکاندا لە پشتی پارتی ماوەتەوە و بێئومێدی داوەتە نەیارانی پارتی کە بادینان لەگەڵ پارتی ماوە و دەمێنێتەوە، دهۆک و بادینان خۆشەویستی ئێمە و سەرۆک بارزانییە."
 
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئەم هەڵبژاردنە گرنگە بۆ پارتی، بۆ کوردستان و بۆ دواڕۆژی میللەتی ئێمە، ئێوە نوێنەری هەموو توێژەکانن، خەون و هیوا و ئومێدی ئەو توێژانە دەزانن، ئێوە کلیلی سەرکەوتنی پارتین."
 
گوتیشی، "ئەگەر پارتی بەهێز بێت، کوردستان بەهێزە، پارتی بە بوون و ماندووبوونی ئێوە کاروانێکی دەستپێکردووە، کە بە هاوکاری خودا و پاڵپشتی ئێوە بەردەوام دەبێت، مادام ئێوە خاوەنی پارتی بن، پارتی هەر سەردەکەوێت."
 
'ئێستا قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقە'
 
جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵی 2003 کاتێک رژێم لە عێراق رووخا، پارتی رۆڵێکی سەرەکی هەبوو، ساڵی 2005 دەستووری هەمیشەیی عێراق نووسرا، هەندێک مافی ئێمەی گرنگ لە دەستووری عێراقدا جێگیرکرا، دەستکەوتێکی مەزن بوو کە پارتی و بەتایبەتی پێداگری سەرۆکی پارتی بەشێکی زۆری مافی کوردستانییەکان لە دەستووری عێراقدا جێگیرکرا."
 
دەشڵێ:"دوای نووسینەوەی دەستوور عێراق کەوتە شەڕێکی نێوخۆیی و دواتر شەڕی داعش، قۆناخێکی نوێ لە عێراق هاتە ئاراوە، ئێستا قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقە، جێبەجێکردنی دەستوور زۆر گرنگە، ئەم کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەهۆی جێبەجێنەکردنی دەستوورە."
 
دووپاتیشی کردەوە: "قۆناخی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق، لە قۆناخی نووسینەوەی دەستوور گرنگترە، ئەو هێزەش کە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە دەکات، پارتییە."
 
'پارتی ناسنامەی دۆزی کورد و گەلی کوردستانە'
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: "پێویستە لە رۆژی دەنگدان زۆر بە هێزەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان، پارتی ناسنامەی دۆزی کورد و گەلی کوردستانە، پارتی ساڵی 1946 دامەزرا وەکو هیوایەک بوو بۆ کوردستان و کوردایەتی، لە سەردەمێکدا دامەزرا کورد و کوردستان لە رەوشێکی خراپدا بوون و لەو کاتەدا بێئومێدبوون، بەڵام پارتی هیوا و ئومێدی بۆ کورد گەڕاندەوە."
 
هەر لەباسی مێژووی خەباتی پارتی دا گوتی "ئەنجامی خەباتی پارتی لە 1958 و 1961 ئەوەبوو، ناوی کورد کەوتە دەستوور و یاسای عێراق، پارتی ساڵی 1961 رێبەرایەتی مەزنترین شۆڕشی کوردی کرد، ساڵی 1970 ئەو دەستکەوتەی کە یەکەمین بەڵگەی فەرمییە کە دان بە مافی کورد و کوردستاندا دەنێت، لەسەر دەستی پارتی کرا، ئەمە شانازی مێژووییە."
 
دووپاتیشی کردەوە، "ساڵی 1991، دیسان پارتی رۆڵێکی سەرەکی لە رێکخستن و سەرخستنی راپەڕین هەبوو، دواتریش هەر پارتی داهێنەری سیستمی دیموکراسی بوو لە هەرێمی کوردستاندا."
 
'نابێت مووچە ببێتە منەت'
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد:' "ئیش بکرێت کەموکوڕیش هەر دەبێت، کێشەکانیشمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبن، مووچە نابێ ببێتە منەت کە لەسەر ئێمە یان ئێوەی بکەن، مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی مووچەی عێراق دەبێ بدرێت، دڵخۆشم کە هەنگاوی باش نراوە بۆ چارەسەری ئەو کێشانە."
 
داواشی لە جەماوەری پارتی کرد:"پێکەوە بە گەرم و گوڕی بچینە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەین بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەیەکی ئارام بکەن لە ئاستی پارتیدا بێت و ئاستی خۆتان نەیەننە خوارەوە و وەڵامی گوتەی کەس نەدەنەوە، چونکە پارتی حیزبی حیساباتی بچووک نییە، پارتی وەکو مێژوو و دەستکەوتی خۆی مەزنە."
 
دڵنیاییشی دا  "پارتی بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی، بۆئەوەی کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت، دەبێت پارتی بەهێزبێت."
 
جێگری سەرۆکی پارتی رووی لە بەربژێرەکانی حیزبەکەی کرد و بە جەماوەرەکەی گوت: "ئەمە ئەو خزمەتکارانەی ئێوەن کە دەچنە بەغدا، بۆئەوەی بەرگری لە مافەکانی کوردستان بکەن، بەڵێنی ئێمە رۆژی 11ی مانگە و دەنگی خۆمان دەدەینە لیستی 275 کە ئەو لیستە دەبێتە پارێزەری مافی ئەم میللەتە."