لەسەر سنووری مەریوان 41 بیانی دەستبەسەر کران

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لەسەر سنووری مەریوان 41 کەسی بیانی لە لایەن هێزەکانی پاسەوانیی سنوورەوە دەستبەسەر کران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە رایگەیاند، هێزەکانیان توانیانە 41 کەسی بیانی لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان دەستگیر بکەن.
 
بە گوتەی فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە، ئەو کەسانە خەڵکی ئەفغانستان، سووریا، بەنگلادیش و پاکستانن. لە کاتی چاودێردیکردن و پشکنینی سنوور لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەرکراون، بەڵام ئەوەی دیار نەکردووە، ئەو کەسانە ویستوویانە بپەڕنەوە بۆ نێو خاکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان یان بچنە ئەودیوی سنوور لە هەرێمی کوردستان.
 
فەرەج رۆستەمی گوتی: "پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوەکان کراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەو کەسانە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کران."
 
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی سنە لەبارەی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان هۆشداری دا و رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەک یان پێشێلکارییەک لە سنوورەکانی پارێزگای سنە بە شێوەیەکی تووند و یەکلاکەرەوە وەڵام دەدرێتەوە.
 
چەند رۆژ لەمەوبەریش، یەحیا ئیلاهی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پۆلیس بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاری قاچاخ و نایاسایی، 54 کرێکاری بیانی لە پارێزگاکە دەستگیرکراون، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات خەڵکی کام وڵاتن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە، 29 کەس لەو کرێکارانە لە شاری سەوڵاوا و 25 کرێکاری دیکە لە شاری بانە دەستبەسەر کراون.