لە کەرکووک دەمەقاڵێی دوو هاوسێ کوشتنی کەسێکی لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە گەڕەکی پەنجە عەلی لە شاری کەرکووک لەنێوان دوو دراوسێدا شەڕ روویدا و بەهۆیەوە کەسێک بە گولـلە کوژرا.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ روویداوە و کەسێک کوژراوە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی: "دوو دراوسێ دەمەقاڵەیان کردووە، دواتر تەقە کراوە، بەهۆیەوە کەسەکە کوژراوە".
 
عامر نووری ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباری رووداوەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تاوانەکە کراوەتەوە.