زانکۆی سەڵاحەدین: ئەو دەرچووانە وەردەگرین لە زانکۆلاین ناویان نەهاتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند، دەرچووانی پۆلی 12 کە ناویان لە سیستمی زانکۆلاین نەهاتووەتەوە دەتوانن لە 9 بەشی سێ کۆلێژی زانکۆکە راستەخۆ فۆڕمی وەرگرتن وەربگرن.
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 9 بەشی زانکۆکەکەمان فۆڕم دەدەینە دەرچووانی پۆلی 12 و دەتوانن راستەوخۆ داوای ئەو بەشانە بکەن".
کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان - سەرجەم بەشەکان کە پێنج بەشن، کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان (بەشی گوتارخوێنی و راگەیاندنی ئایینی)، هەروەها کۆلێژی ئاداب - بەشەکانی فەلسەفە و شوێنەوار، ئەو بەشانەن دەرچووانی پۆلی 12 دەتوانن راستەخۆ فۆڕمی وەرگرتنی لێ وەربگرن.
سامان عەبدوڵڵا گوتی: "لەو بەشانەی رامانگەیاندووە دەتوانین کورسی خوێندن بۆ زیاتر لە 350 قوتابی دابین بکەین".
زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی داوای خوێندن لەو کۆلێژانە دەکەن دەبێت ناویان لە هیچ شوێنێک نەگەڕابێتەوە لە زانکۆلاین.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم ساڵ 50 هەزار و 862 قوتابی لە دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەرگرت، لەو ژمارەیە 44 هەزار و 339 دەرچووی ئەم ساڵ بوون 6 هەزار و 523 دەرچووی ساڵانی رابردوو.
زانکۆی سەڵاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەش پێکدێت، نزیکەی 25 هەزار خوێندکاری بەکالۆریۆس و دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵای هەیە.