رێگەوبانی هەولێر: مانگی داهاتوو رێگەی کەسنەزان - گۆمەسپان دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر رایدەگەیێنێت، کارکردن لە رێگەی کەسنەزان - گۆمەسپان لە قۆناخی کۆتاییدایە و پێشبینی دەکەن لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە. هاوکات ئاشکرای دەکات، نزیکەی 65%ی رێگەی گوندەکانی سنوورەکە پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، میوانی بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو بوو و باسی لە دۆخی رێگەوبانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیان کرد.
سەبارەت بە کردنەوەی رێگەی کەسنەزان - گۆمەسپان کە رێگەیەکی ستراتیژییە، عیماد محەممەد گوتی: "رێگەی کەسنەزان - گۆمەسپان، کاری باشی تێداکراوە و هەموو هەوڵێک ئەوەیە بەزوویی بکرێتەوە بەڕووی شۆفێران، رەنگە کەمتر لە مانگێکی دیکە بکرێتەوە."
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی زستان کرد و گوتی: "دەستمان کردووە بە پاککردنەوەی ئاوبارە و قەنتەرەکان و چاککردنەوەی ئەو چاڵوچۆڵییانەی لە رێگەکان هەن. هەروەها تیمی تایبەت بە بەفرماڵینمان هەن و خۆیان ئامادە دەکەن لەڕووی دابینکردنی ئامێر و خوێ."
رێگەی هەولێر - پردێ، کە پارێزگای هەولێر بە کەرکووک و شارەکانی دیکەی عێراق دەبەستێتەوە، بە رووکاری هەرێمی کوردستان دادەنرێت. لەو بارەیەوە عیماد محەممەد گوتی: "ئێمە بەردەوام کاری چاککردنەوەمان تێدا کردووە، بەڵام دەرخستەی پێویستمان بۆ ئەو رێگەیە ئامادە کردووە بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێتەوە، چاکبکرێت و هێڵێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت. دەرخستەکەش ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە."
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر باسی لەوەشکرد کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە گرنگییەکی تایبەت بە رێگەی گوندەکان دەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. بەڵام گوتیشی: "بەهۆی قەیرانەوە لە ساڵی 2012ـەوە نەتوانراوە وەک پێویست کاری چاککردنەوە لە رێگەکاندا بکرێت، بۆیە ئێستا نزیکەی 65%ی رێگەی گوندەکان پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە."
عیماد محەممەد ئاماژەی بە چەند پڕۆژەیەکی دیکە دا کە ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، لەوانە:
رێگەی نێوان دوو تونێلی میراوە و ماوەران: بەشێکە لە رێگەی هامڵتۆن، سایدێکی کراوەتەوە و سایدەکەی دیکەش لە قۆناخی کۆتاییدایە.
رێگەی مامە جەلکە (شەقڵاوە - بالیسان): 75%ی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی گرفتی نەختینەوە راگیراوە و هەوڵی جددی هەیە بۆ تەواوکردنی.
رێگەی سکتان - نازەنین: ئەو بەشەی لە سنووری هەولێرە کاری تێدا کراوە.