مانگی داهاتوو نەوتی کەرکووک بە بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی جەیهان دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی خشتەیەکی بارکردنی نەوت، کە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، نەوتی کەرکووک لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت.  
 
بەگوێرەی خشتەکە، عێراق مانگی داهاتوو، 12 بار نەوتی خاوی کەرکووک لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکات. 
 
خشتەکە دەریدەخات کە کۆی ئەو نەوتەی لە رێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت، لە مانگی تشرینی دووەمدا دەگاتە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە نیشاندەری پێشکەوتنێکی بەردەوامە لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول.
 
هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لەگەڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو؛ هۆکارەکەشی کێشەیەکی یاسایی بوو لەنێوان بەغدا، ئەنقەرە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆنترۆڵکردنی فرۆش و داهاتی نەوت.
 
دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دوای چەندین مانگ دانوستاندن هات بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکی و بازرگانییەکان. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنێکی هەولێر، بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کاری پێدەکرێت، رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت. 230 هەزار لەو بڕە، هەناردە دەکرێت و 50 هەزاری دیکەی بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی، بە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
 
ناردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە بۆ بەندەری جەیهان، لە دوای بڕیارێکی ئاداری 2023ی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا، کە فەرمانی بە تورکیا کردبوو هەناردەی سەربەخۆی نەوتی باشووری کوردستان لە رێگەی بۆرییەکەوە رابگرێت.
 
بەندەری جەیهان کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای نێوەڕاست، وەک ناوەندێکی سەرەکیی هەناردەکردن بۆ نەوتی خاوی عێراق و ئازەربایجان رۆڵ دەگێڕێت. دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی جەیهانەوە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ هەوڵەکانی عێراق بۆ زیادکردنی داهاتی نەوت، لە کاتێکدا رووبەڕووی گوشاری بەردەوامی بودجە و ناجێگیریی بازاڕە جیهانییەکان بووەتەوە.
 
عێراق، کە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپێکدا، بۆ زیاتر لە 90٪ـی داهاتەکەی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت. چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوەی قۆناخبەندی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان، توانای بەرهەمهێنانی وڵاتەکە بەهێزتر بکات و بژاردەی زیاتری دابینکردن بخاتە بەردەم پاڵاوگە جیهانییەکان.