لە سێ هەفتەدا 45 سەرپێچیی بانگەشە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
سێ هەفتە بەسەر بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەرێت، تاوەکو ئێستا 45 سەرپێچی لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
رۆژی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانییەتی و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگیان دا بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە رۆژی 11-11-2025 بەڕێوە بچێت.
بەپێی زانیاریی کۆمیسیۆن بەراورد بە هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی عێراق سەرپێچی هەڵبژاردن کەمترن، حیزبەکان ئارام و هێمنتر بانگەشە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستان 45 سەرپێچی تۆمارکراون، ئەو ژمارەیەش کەمتر لە ٪12ـی کۆی سەرپێچییەکانە لە عێراقدا، چونکە لە عێراق لەوەتەی بانگەشە دەستیپێکردووە زیاتر لە 400 سەرپێچی تۆمارکراون.
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەروان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەوەتەی بانگەشە دەستیپێکردووە 42 سەرپێچی تۆمار کراون لە هەولێر تۆمارکراون، 37ـیان دوای ئاگادارکردنەوە سەرپێچییەکانیان لابردووە ، 5ـی دیکەیان بە پێبژاردن سزا دراون."
ئەو لایەنانەی سەرپێچیان کردووە جۆری سەرپێچییەکەیان دەنێردرێت بۆ بەغدا، کۆمیسیۆن سزاکەیان دیاری دەکات،سزاکە بۆ لیست و بەربژێر دەگەڕێتەوە و پارەکەش لەو بڕە دەردەهێنرێت هەر لیست و بەربژێرێک وەکو بارمتە لای کۆمیسیۆن پێش بانگەشە دایانناوە.''
مەروان محەممەد دەڵێ: "رەنگە ئەوانەی لە هەولێر بەهۆی سەرپێچییەوە سزادەدرێن سزاکەیان ملیۆنێک دینار بێ.''
لە هەولێر، ملیۆنێک و 410 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و 108 بەربژێر رکابەری لەسەر 16 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
"لە دهۆک حەوت بەربژێر ئاگادار کراونەتەوە"
بەراورد بە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لە دهۆک سەرپێچی تۆمارنەکراوە، کۆمیسیۆن تەنیا هەندێک لە بەربژێرانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەوەی کردوویانە پێچەوانەی رێنمایی بانگەشەیە،بەربژێر و لیستەکان لە دهۆک دوای ئاگادارکردنەوەی کۆمیسیۆن سەرپێچییەکانیان لاداوە،بۆیە سەرپێچییەکان نەنێردراوە بۆ بەغدا و تەنیا ئاگادارکردنەوەیە .
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "59 بەربژێر لە تەواوی پارێزگاکە هەن، کەمی ژمارەی بەربژێران هۆکارێکە بۆ نەبوونی سەرپێچی، خۆمان 7 بەربژێرمان ئاگادارکردووەتەوە،دوای ئاگادارکردنەوەیان، سەرپێچییەکەیان چاک کردووە."
لە پارێزگای دهۆک، 945 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لە سلێمانی دوو سکاڵا رەتکراونەتەوە
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "دوو سکاڵا لەلایەن دوو پارتی سیاسییەوە لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار کرابوون، بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگە رەتکرانەوە. "تەنیا یەک سەرپێچی بە فەرمی تۆمار کراوە، ئەویش هی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بووە، سەرپێچییەکەش بۆ بەغدا نێردراوە و سزاش دراوە."
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 136 بەربژێر رکابەری لەسەر بردنەوەی 18 کورسیی پەرلەمان دەکەن، 9 پارتی سیاسی و چوار بەربژێری سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن و زیاتر لە ملیۆنێک و 535 هەزار دەنگدەریش لە پارێزگاکە هەن.
کورسیی بازنەکانی هەرێمی کوردستان
هەولێر: 15 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا
سلێمانی: 18 کورسی
دهۆک: 11 کورسیی گشتی + 1 کورسیی کۆتا