کۆڕبەندی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستێکی بەرز جێبەجێکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-10-2025 کۆڕبەندی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا گوتی، 264 راسپاردەی نێودەوڵەتی ئاراستەی عێراق کراون.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی، قەیرانی دارایی هۆکار بوو بۆ جێبەجێنەکردنی بەشێکی پلانەکانی حکومەت.
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی سەبارەت بە هەوڵ و چالاکییەکانی حکومەت بڵاوکردووەتەوە، تێیدا کۆمەڵێک ئاماری گرنگ لە بواری جیاجیادا خراونەتەڕوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پار لە هەرێمی کوردستان، 79 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون؛ دەشڵێت، بازرگانیکردن بە مرۆڤ دوو هێندە زیادی کردووە، سەبارەت بە تیرۆریش ئاشکرای کردووە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا 290 کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون.
راپۆرتەکە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی نیشتمانیی عێراق کە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) پەسندی کردووە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راسپێردراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە.