کۆڕبەندی مافەکانی مرۆڤ لە هەولێر: چاکسازییەکان کێشەی کەمیی پزیشک و دەرمانیان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دادوەری دادگەی کار لە هەولێر دەڵێت، هۆشیاریی کرێکار لەسەر مافەکانی خۆی بەرزبووەتەوە. راوێژکارێکی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤیش ئاماژەی دا، لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا کێشەی کەمیی پزیشک و دەرمان هەیە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-10-2025، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی، نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆڕبەندی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هۆتێل رۆتانای هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
لە پانێلێکی کۆڕبەندەکەدا، بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە سەڵاح ئەنوەر، راوێژکار لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دادەور ئاڤان موحسین، دادوەری دادگەی کار لە هەولێر، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رامان مەجید، راوێژکاری سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، زیشان ئەمین، بەرپرسی بەشی هاوئاهەنگیی نووسینگەی دژەتیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا و ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاوتوێ کرا.
 
سەڵاح ئەنوەر ئاماژەی بەو یاسایانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەری مافی کرێکاران بەرکارن و رایگەیاند: ''ساڵی 2023ـش پڕۆژەیاسایەکمان ئامادە کرد و لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر درا، بەڵام دادگەی فیدراڵی رێگر بوو بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 خولی پێنجەمی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
 
''پێویستە 75٪ـی دەستی کار لە هەر پڕۆژەیەکدا کرێکارانی نێوخۆیی بن''
 
وەک ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، یاساکە ئەگەر خرابووایە بواری جێبەجێکردنەوە، زۆر خاڵی بەهێزی لە بوارەکانی ''دابینکردنی مافی ژنان، رێگریکردن لە کاری زۆرەملێ، دابینکردنی ماف بۆ کرێکارانی بیانی و رێگریکردن لە هێنانی نایاسایی کرێکارە بیانییەکان تێدا بوو.''
 
سەڵاح ئەنوەر باس لەوە دەکات، پێویستە سەرجەم کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کرابێت، ''بۆیە بەردەوام لیژنەکانمان سەردانی شوێنەکانی کار دەکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە دەستەبەرکردنیان. لە ئەگەری پێشێلکاریش، خاوەنکاران بەرەوڕووی سزا دەکرێنەوە.''
 
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، پێویستە لە هەر پڕۆژەیەکدا 75٪ـی کرێکاران نێوخۆیی بن، ''هەروەها لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ پاراستنی مافی منداڵان کە نوێنەری کۆمەڵێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان تێیدا ئەندامن.''
 
بەگوێرەی بڕیارەکانی لیژنەکە، رێگری دەکرێت لە کارپێکردنی منداڵانی تەمەن ژێر 18 ساڵ، ''بەڵام تەنیا کارکردنی منداڵانی تەمەن 15 بۆ 18 ساڵ لە هەندێک بواری ئاساندا رێگەپێدراوە.''
 
''هۆشیاریی کرێکاران لەسەر مافەکانی خۆیان بەرزبووەتەوە''
 
دادەور ئاڤان موحسین، دادوەری دادگەی کار لە هەولێر لە پانێلەکەدا باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت مافی کرێکاران بپارێزێت، ''ئێستا دادگەی کارمان هەیە لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و سۆران. بۆیە کرێکاران دەتوانن سەردانی دادگەکان بکەن، بۆ ئەوەی مافەکانی خۆیان [لەو خاوەنکارانەی کە سەرپێچیکارن] وەربگرن.''
 
ئاڤان موحسین ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش یاساکانی کار، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی، مافی کرێکار بە شێوەیەکی باش پارێزراوە.
 
بەگوێرەی یاسا، پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی هەر کرێکارێک، 17٪ـی مووچەی مانگانەی بخرێتە سەر سندووقی خانەنشینییەوە کە 12٪ـی خاوەنکار دەیدات و 5٪ـیش لە مووچەکەی خۆی دەبڕدرێت. ئەو دادوەرەی دادگەی کار لە هەولێر دەڵێت، ''ئەگەر مانگێک لە کارکردنی کرێکار تێپەڕیت و خاوەنکار دەستەبەری نەکردبێت، پێویستە سەرجەم 17٪ـەکە لە خاوەنکار وەربگیرێت، واتا ئەوکاتە کرێکار هیچ بڕە پارەیەک بۆ دەستبەری کۆمەڵایەتی نادات و هەمووی دەکەوێتە سەر خاوەنکار.''
 
وەک ئاڤان موحسین ئاماژەی دا، دوایین ئامار بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان، 60 هەزار کەس بوو کە لە کۆتایی ساڵی 2024، ژمارەکە گەیشتووەتە 193 هەزار کەس.
 
ئەو دادوەرەی دادگەی کاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، بەر لە ساڵی 2020 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022، ژمارەی داوایەکان لە بەردەم دادگەی کاری هەولێر کەمتر لە هەزار داوا بووە، ''بەڵام لە ساڵی 2023ـوە ژمارەی داواکان گەیشتووەتە چوار هەزار و 500 داوا، کە دوو هەزار و 800ـیان داوای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بوون".
 
ئاڤان موحسین جەختی لەوە کردەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی داواکان دەرخەری ئەوەیە کە هۆشیاریی کرێکاران لەسەر مافەکانی خۆیان بەرزبووەتەوە، ''بەڵام هێشتا پێویستیمان بەوە هەیە کە زیاتر هۆشیار بکرێنەوە''.
 
''پەیوەندیی نێوان حکومەت و خەڵک ئاسایش و سەقامگیری لێکەوتووەتەوە''
 
هاوکات، د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لە پانێلەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ''هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ دابینکردنی ئاسایش، سەقامگیری، دڵنیاییدان بە خەڵک و پاراستنی ئازادی.''
 
هێمن میرانی جەختی لەوە کردەوە، ''خاڵێکی گرنگ لە دروستکردنی ئەو سەقامگیری و ئاسایشە لە هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان هاووڵاتی، حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد، کە بڕیارە 11-11-2025 بکرێت و گوتی، ''ئێستا کە لە سەختترین قۆناخی بانگەشەی هەڵبژاردنداین، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە لە هەرێمی کوردستان هیچ رووداوێک رووینەداوە، کە شایانی ئەوە بێت خەڵک ترسیان لە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن هەبێت. ئەمە جۆرێک لە گەشەی سیاسیی گەورەیە''.
 
''ژمارەی دادوەران لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە''
 
لە بەشێکی دیکەی پانێلەکەدا، رامان مەجید، راوێژکاری سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە هەر شەش مانگ جارێک، راپۆرتێک لەسەر راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەنێرین، کە بەخۆشییەوە لە بەشێکی دامەزراوەکاندا زۆر بە باشی لەبەرچاو دەگیرێن.''
 
رامان مەجید ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامانی دامەزراوە ئەمنییەکان سەرەڕای هاوکاریی پێویست بۆ دەستەکە، ''بە باشی راهێنانیان پێ نەکراوە لەسەر بابەتی مافی مرۆڤ، بۆیە زیاتر پێویستییان بە رێنوێنیکردن و راهێنان هەیە.''
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە کەمیی ژمارەی دادوەرەکان کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی، ''ئێستا لە هەندێک لە زیندانەکان شوێنی راگرتنی تۆمەتباران زۆر کەمە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە ژمارەی دادوەران کەمە و ناتوانن بە خێرایی دۆسیەکان یەکلایی بکەنەوە، چونکە کاتێک دادوەرێک خانەنشین دەبێ، هیچ کەسێک شوێنی ناگرێتەوە و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان دوادەخرێت.''
 
هاوکات رامان مەجید تیشکی خستە سەر کەمیی پزیشک و دەرمان لەنێو چاکسازییەکاندا و دەڵێت، ''پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە تەندروستییەکان زیاتر گرنگی بەو بابەتە بدەن.''
 
''کار بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی پیشەی میدیایی دەکەین''
 
ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پانێلەکەدا باسی لە دۆخی رۆژنامەڤانی کرد لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ''شانازی بەوە دەکەین لە کوردستاندا کە راستە بۆشایی یاساییمان هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یاسایەک دەرنەچووە، کە لە دەرەوەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بێت.''
 
بەگوتەی ئازاد حەمەدەمین، کاری لەپێشینەی سەندیکاکە لەدوای دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان کارکردن بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی نیشتمانی بۆ پیشەی میدیایی دەبێت، بۆ ئەوەی لەبری دادگەکان، بەرپرسیار بێت لە لێپێچینەوەی رۆژنامەڤانان.
 
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان جەختیشی لەوە کردەوە، ئەنجوومەنەکە تایبەت دەبێ بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی تایبەت بە پیشەی رۆژنامەڤانییەوە نەوەک دۆسیەی کەسی، ''چونکە ئێستاش ئەگەر رۆژنامەڤانێک لەسەر پیشەکەی دەستگیر نەکرابێت، ئێمە هیچ کات بە پێشێلکاریی [مافی رۆژنامەڤانانی] نازانین.''