ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: دڵنیاین دەنگمان ملیۆنێک تێدەپەڕێنێت
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتی لە دهۆک، سێمێل، ئاکرێ و شێخان کۆدەبێتەوە و قسە بۆ لایەنگر و ئەندامانی پارتی دەکات.
نووری عوسمان, ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "سەردانی جەنابی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو دەڤەرە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقە".
نێچیرڤان بارزانی بڕیارە لەگەڵ رێخکخستن و جەماوەری پارتی لە دهۆک، لەگەڵ رێکخستنەکانی پارتی لە نەینەوا کۆببێتەوە، نووری عوسمان دەڵێ: "سەردانەکەی چەند رۆژێك دەخایێنێت".
نووری عوسمان، لەبارەی گرنگیی نەینەوا بۆ پارتی دەڵێ: "نەینەوا وەکو پارێزگا لای پارتی و هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بنکەیەکی ئابوورییە، دەروازەیەکی ئەمنیشە بۆ هەرێمی کوردستان".
نووری عوسمان دەڵێ: "دەمانەوێت دۆخی پارتی وەکو پێش 2014 بێ لە نەینەوا، بەهێزەوە بگەڕێینەوە و دەنگەکانیشمان زیاد بکەین".
نێچیرڤان بارزانی لە بانگەشەکانیدا داوای لەلایەنگرانی پارتی کردووە دەنگی حیزبەکەیان بگەیێننە ملیۆنێک، نووری عوسمان لەو بارەوە دەڵێ: "پارتی پشت ئەستوورە بە هەموو کار و دەستکەوتەکانی بۆ کوردستان بۆیە داوای ملیۆنێک دەنگ و زیاتریش لە دەنگدەرانی دەکات".
نووری عوسمان دەڵێ: "بێ کەرکووک و نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 813 هەزار دەنگمان بەدەستهێنا، بۆیە پشتڕاستین کە دەگەینە زیاتر لە ملیۆنێک دەنگ".
نووری عوسمان خەڵکی شنگالە و لە دهۆک گەورەبووە، ئەو داوا دەکات خەڵک لە شنگال و دەشتی نەینەوا دەنگ بە حیزبەکەی بدەن و دەڵێ: "بۆ ئەوە داوای دەنگ دەکەین کە خزمەتی خەڵکی ئەو ناوچانە بکەین".