هەفتەی داهاتوو یەکگرتووی ئیسلامی دەست بە قوناخێکی نوێی بانگەشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە لە هەمان کاتدا گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە قوناخێکی نوێی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و لە هەر سێ بازنەی سلێمانی و دهۆک و هەولێر بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی "گەورەترین کەرنەڤاڵی پشتیوانی" بۆ سەرخستنی لیستەکەیان ئەنجام دەدەن.
د. سەلاحەدین بابەكر دەشڵێت؛ بانگەشەی جەماوەری یەکگرتوو لە 10 رۆژی کۆتایی چڕتر دەبێت و بڕیارە بە بەشداریی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی حیزبەکە، کەرنەڤاڵی جەماوەری لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و کاندیدەکانیان بناسێنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئێستا بازنەکان ئامادەکاری بۆ کەرنەڤاڵی جەماوەری دەکەن.
سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، کە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە دروشمی "دەنگی ئێوەین" بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکات و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 16 بەربژێری هەیە، کە بە سەر سێ بازنەدا دابەش بوون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
- لە بازنەی دهۆک چوار بەربژێر
- لە بازنەی هەولێر چوار بەربژێر
- لە بازنەی سلێمانی هەشت بەربژێر
- لە بازنەی نەینەوا و کەرکووک یەکگرتوو هیچ بەربژێرێکی نییە
ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە گوتاری فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ساتەوەختی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەوی 2 لەسەر 3ی مانگی 10 ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو جەختی لەسەر بایەخی ئەم قۆناخە مێژووییە کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، کە "هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لەبەردەم کات و ساتێکی مێژوویی گرنگدان"، ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە لە هەلومەرجێکی هەستیاردا دێتە کایەوە، چ لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق، چ لەسەر ئاستی کوردستان.