109 هەزار کارتی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا 109 هەزار کارتی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراونەتەوە، 72٪ـی کارتەکان دابەشکراون و ٪28ـی کارتەکان هێشتا نەدراونەتەوە دەنگدەران. 
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 23-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "72%ی خەڵک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کارتی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، زیاتر لە 74 هەزار کارت لە پارێزگای دهۆک دابەشکراون، لە 113 هەزار کارت لە پارێزگای هەولێر و زیاتر لە 91 هەزار کارتیش لە پارێزگای سلێمانی دراونەتەوە دەنگدەران."
 
بە کۆی گشتی 413 هەزار کارتی نوێی دەنگدان چاپکراون بۆ هەرێمی کوردستان ، نەبەرد عومەر دەڵێ: "لەو ژمارەیە، 109 هەزار کارتی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە".
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، لەو ژمارەیەی کە وەرگیراونەتەوە، 258 هەزار و 932 کارتیان هی دەنگدانی گشتی و 20 هەزار و 449 کارتیش بۆ دەنگدانی تایبەت بوون.
 
رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2025، دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان. نەبەرد عومەر داوای لە دەنگدەران کرد سەردانی بنکەکان بکەن و بە زووترین کات کارتەکانیان وەربگرنەوە، بە پێچەوانەوە مافی دەنگدانیان نابێت.
 
جگە لەو 413 هەزار کارتەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بڕیارە 41 هەزار کارتی دیکەش رۆژی 01-11-2025 لە بەغداوە بنێردرێنە هەرێمی کوردستان.
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، کە ئەوانە کارتی بایۆمەترییان بۆ دروستکراوە یان نوێیان کردووەتەوە.
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت و بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.