مەسرور بارزانی: پڕۆژەکانی ئاو رێگر دەبن لە کۆچکردنی خەڵک بەهۆی کەمئاوییەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەت دەڵێت، پڕۆژەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رێگر دەبن لەوەی کە خەڵک هاوشێوەی ناوچەکانی عێراق، بەهۆی کەمئاوییەوە کۆچ بکەن؛ داواش دەکات، پاراستنی ئاو و ژینگە لە کوردستان، ببێتە کولتوور.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-10-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی ئاوی قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر کرایەوە.
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی کە پێتان بڵێین، بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد و ئەم پڕۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند.''
سەرۆکی حکومەت گوتی، ''ماوەیەکی زۆرە هەستمان بەوە کردووە کە بە فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی داواکاریی خەڵک، پێویستیمان بە پڕۆژەی ئاوە بۆ هەموو شار، شارۆچکە و گوندەکانمان.''
پڕۆژەکە بە گوژمەی 222 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای ئاوزانەوە جێبەجێکراوە و کارکردن تێیدا لە 17-12-2024ـوە دەستیپێکردووە. مەسرور بارزانی گوتی: ''گرنگە ئێمە بتوانین زیاتر ئاوی سەرزەوی بەکاربهێنین، ئەم پڕۆژانە بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ و باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر گرنگن.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە پاراستنی ئاو کردەوە و گوتی، ''ئەرکی هەموومانە ژینگە و ئاو بپارێزین، لە ساڵانی رابردوودا بارانێکی کەم باریوە و رووبارەکان لە زۆر شوێن وشک بوون. ئێستا کاریگەریی کەمی باران لە عێراق زۆر دیارە و ئێمەش لێی بێبەش نابین، بەڵکو تەنیا دەتوانین زیانەکانی کەم بکەینەوە.''
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی پڕۆژەکانی ئاوەوە، ''دڵنیام ئێمە ناگەینە قۆناخێک کە ناچار بین بە کۆچکردن. چونکە بێگومان کاریگەریی کەمئاوی لەسەر خەڵک زۆرە و عێراق یەکێکە لەو شوێنانەی کە بە شێوەیەکی دژوار تووشی ئەم گرفتە (کۆچکردن) بووە.''
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە یەک کاژێردا توانای دابینیکردنی 3 هەزار مەتر سێجا ئاوی بۆ قەزای قوشتەپە و ناحیەی بێستانە و 72 گوندی سنوورەکە هەیە.
سەرۆکی حکومەت داوا لە خەڵک دەکات کە ئاو بەفیڕۆ نەدەن، ''بێگومان دەتوانین وڵاتەکەمان زۆر خۆشتر بکەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەربگرین کە خودا پێی بەخشیوین.''
مەسرور بارزانی بابەتی هۆشیارکردنەوە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت، ''داوا دەکەم نەوەک تەنیا لە بواری ئاودا، بەڵکو لە بواری ژینگەپارێزیشەوە بە شێوەیەکی گشتی ببێت بە کولتوورێک و هەموومان پێیەوە پابەند بین.''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ''کاری زۆرمان کردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین کە خەڵک بە ئێمەی داوە. خزمەتکردن ئیرەیی ناوێ، تەنیا دڵسۆزی دەوێت. ئەوەی بیەوێت خزمەت بکات، ئەوەندەی بەسە دڵسۆز بێت.''