پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە کرایەوە؛ 'توانای دابینکردنی ئاوی بۆ 220 هەزار کەس هەیە'


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵی داهاتوو، توانای دابینکردنی ئاوی بۆ 220 هەزار کەس هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە کردنەوەی، ژمارەیەکی زۆر بیری ئاو رادەگیرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-10-2025، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پڕۆژەی ئاوی قەزای قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر کرایەوە.
 
ساسان عەونی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''پڕۆژەکە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری.''
 
پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئاوزان بە گوژمەی 222 ملیار دینار، بە کەمتر لە ساڵێک جێبەجێکراوە. 
 
وەزیری شارەوانی دەڵێت، ''جگە لە قەزای قوشتەپە، ناحیەی بێستانە و زیاتر لە 72 گوند و چەندین ناوچەی دیکەی نیشتەجێبوون و پیشەسازیش دەگرێتەوە و ئاویان بۆ دابین دەکات.''
 
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە لە یەک کاژێردا توانای دابینیکردنی 3 هەزار مەتر سێجا ئاوی بۆ ناوچەکە هەیە. ساسان عەونی گوتی: ''پڕۆژەکە توانای هەیە بە فراوانبوونی ئەم سنوورە، تاوەکو 20 ساڵی دیکە ئاو بۆ 220 هەزار هاووڵاتی دابین بکات.''
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بە کردنەوەی پڕۆژەکە، ژمارەیەکی زۆر بیری ئاو رادەگیرێن ''کە ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی زیاتری ئاوی ژێرزەوی.''