گومرگی هەرێمی کوردستان: دەبێت لە بڕیارەکانی پەیوەست بە دەروازەکان بەشدار بین
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە کاری دەروازە سنوورییەکان. دەشڵێت بڕیارێکی گرنگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی زۆری هەیە و دەبێت پشکی گەورەی هەبێت لە داڕشتنی سەرجەم بڕیار و راسپاردەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە بارەی دەروازە سنوورییەکانەوە، بڕیار و هەنگاوێکی باشە، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دادەنیشین و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین، بۆ ئەوەی وەک سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان قسەمان یەک بێت و دەروازەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقی پێشبخەین".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 21-11-2023، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دا بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامییەتی هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، داد و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان.
لیژنەکە سێ ئەرکی سەرەکی دەبێت، یەکەم: پێداچوونەوە بە رێکارەکانی یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە وشکانی، ئاوی و فڕۆکەخانەکانەوە. دووەم: دانانی دیدگایەکی گشتگیر و یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگی و یاساکانی پاراستنی بەرهەمەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان پێیوایە لە ماوەی مانگێکدا دەتوانرێت راپۆرتێکی باش ئامادە بکرێت و دەڵێت، "پرسی دەروازە سنوورییەکان گرنگە، یەکێک لە کێشەکانمانە لەگەڵ حکومەتی عێراق، پێمان باشە تاوتوێ بکرێت، چی لە بەرژەوەندی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێین".
خاڵی سێیەمی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بریتییە لەوەی ئەرکی لیژنەکە پێداچوونەوە بە میکانزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30 ساڵی 2016) و هەموارکردنەوەی لەگەڵ پێشنیازی چارەسەری پێویست، تاوەکو دەستە و لایەنەکان بتوانن کارەکانیان راپەڕێنن، لیژنەکە لە ماوەی مانگێک کارەکانی تەواو دەکات، دەتوانن سوود لە پسپۆڕانیش وەربگرن.
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی، "سەرنج و تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30 ساڵی 2016) هەیە لە رووی پێکهاتەی یاساکە، شێوەی داڕشتنی، ئەو پەیکەرەی لەنێو یاساکە باسکراوە، تێبینمان هەیە لە رووی دەستووری، یاسایی و کارگێڕییەوە. پێشتر یاساکەمان رەتکردووەتەوە، بەڵام ئێستا دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و یاساکە هەموار بکرێتەوە".
بەگوتەی ساماڵ عەبدولڕەحمان، "هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی زەوینی زۆر گرنگی هەیە کە زۆر قەرەباڵخن، باشترە هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستە بە دارایی، ئابووری و دەروازەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی گەورەی هەبێت لە داڕشتنی سەرجەم بڕیار، راسپاردە، رێکار، رێنماییەکان و یاساکانی پەیوەست بەم پرسە".
هەرێمی کوردستان 13 دەروازەی سنووری هەیە، کە چوار دەروازەی زەوینی نێودەوڵەتی و حەوت دەروازی زەوینی نافەرمی، لەگەڵ دوو دەروازەی ئاسمانی کە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانین، عێراقیش 24 دەروازەی سنووری هەیە.