قوباد تاڵەبانی: ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ئامادەن لەگەڵ پارتی دەست بە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەت بکەنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ''کابینەی داهاتووی عێراق، دەبێتە کابینەیەک کە بە شێوەیەکی بنچینەیی کێشەی مووچە و پرسی نەوت چارەسەر دەکات.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی، کۆمەڵێک مژاری تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی خستە بەر باس.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ''تاوەکو گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆ بەردەوام بووین، ئێستا بانگەشە تەواو بووە، هەڵبژاردن کراوە، ئێمە وەک یەکێتی ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی لەپێناو پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەت.''
زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی 10یەمی حکومەت پێکنەهێندراوە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ''لە یەکەم رۆژەوە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کاری لەپێشینەی ئێمە بووە، ئێستاش کاری لەپێشینەمان دەبێت.''
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە 20ی ئەم مانگە پەخش کرا، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا نەکرێتەوە، ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە. قوباد تاڵەبانی لەوبارەوە ئاماژەی بەوە دا، ''خۆم هێشتا مێشکم لای هەڵبژاردنە، بۆیە ئەگەر دووبارە بکرێتەوە، من ئامادەم بۆی.''
تاوەکو ئێستا یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، ''زۆرجار رەخنە لە پەرلەمانتاران دەگیرێت کە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نابن، خەتای ئەوان نییە، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە کە ئێمە و پارتی نەمانتوانیوە لەسەر چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەت رێکبکەوین.''
وێڕای دووپاتکردنەوەی ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ پارتی، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو، ''پێموانییە حکومەتێکی سەرکەوتوو بەبێ یەکێتی پێکبهێندرێت. ئەمە راستییەکە، بۆیە ئەو هەڕەشانەی کە دەکرێن بەبێ یەکێتی حکومەت پێکدەهێنن، پێموایە هەر هەڕەشەن.''
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسییان بەدەستهێنا، بەڵام سەرەڕای چەندین کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری هەردوو براوەی یەکەم و دووەم، تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە.
''یەکێک لە سێ پۆستە سەرەکییەکانی عێراق پشکی کوردە''
بەشێک لە قسەکانی قوباد تاڵەبانی تایبەت بوون بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و گوتی، ''تاوەکو ئێستا لایەنە کوردستانییەکان پێیانوایە پۆستی سەرۆککۆمار شایستەی کوردە، بەڵام با بزانین گفتوگۆکان بە کوێ دەگەن.''
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە، ''دەزانین عێراق پێویستیی بە هاوسەنگییەک هەیە، سێ پۆستی سەرەکی لەم وڵاتە هەن: سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان؛ بۆیە دەبێت یەکێک لەم سێ پۆستانە پشکی کورد بێت.''
هەرچی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە، قوباد تاڵەبانی لەبارەیەوە دەڵێت، ''پێویستە لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین، سەرجەمیان بەشدار بن و ئێمەش ئامادەین. دەبێت حکومەتێک پێکبهێندرێت کە خزمەتی هەموو وڵاتەکە بکات، بەبێ جیاوازی.''
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''تێڕوانینێک هەیە کە عێراقێکی بەهێز بە زیانی کوردستانە؛ بەڵام من بە پێچەوانەوە دەیبینم و پێموایە عێراق بەهێز بێت، کوردستانیش بەهێز دەبێت. ئێمە وەکو کوردستان هیچ سوودێک لە عێراقێکی لاواز نابینین. بۆیە پێموایە سیاسەتی دوورەپەرێزی لە بەغدا سیاسەتێکی هەڵەیە.''
''هەوڵدەدەین ئەم ساڵ هیچ مووچەیەک نەفەوتێت''
لە بەشێکی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پرسی مووچە و نەوت کرد و گوتی، ''لەو باوەڕەدام کە کابینەی داهاتووی عێراق، دەبێتە کابینەیەک کە بە شێوەیەکی بنچینەیی کێشەی مووچە و پرسی نەوت یەکلایی دەکاتەوە و کاری لەپێشینەی دەبێت.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لەوەش کردەوە، ''ئێمەش وەکو یەکێتی و تیمی کوردستانی بەگشتی، لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دا کار بۆ یاسای نەوت و گاز دەکەین. پێموایە ئەو پرسە چارەسەر بێت، گرفتی مووچەش کە پەیوەندیی بەوەوە هەیە، لە کابینەی داهاتووی عێراقدا نامێنێت.''
ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی 8 مانگیان وەرگرتووە. جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''هەوڵدەدەین هیچ مووچەیەکی ئەم ساڵ نەفەوتێت.''