ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: دەتوانین بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەڵێت، هەرچەندە هاوبەشی لەپێشینەیان بۆ پێکهێنانی حکومەت یەکێتییە، بەڵام بەبێ ئەوانیش دەتوانن حکومەت پێکبهێنن. ئاماژە بەوەش دەکات، نەوەی نوێ ئامادەیە بەشداریی کابینەی 10ـیەمی حکومەت بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025، ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، سەبارەت بە گفتوگۆکەی سەرۆک بارزانی و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ''زیاتر وەکو راوێژ، را گۆڕینەوە و خستنەڕووی کۆمەڵێک پێشنیاز بوو.''
دوێنێ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە نووری مالیکی کرد و کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردن کرا.
بەگوتەی ئاراس حەسۆ میرخان، گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هێشتا سەرەتایین و ''لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیمان بەڕێوەدەچێت و تێیدا باس لە وردەکارییەکان [بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق] دەکرێ.''
وەک ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، جیا لە نووری مالیکی، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی دیکەی شیعەش دەبێ. ''گفتوگۆکان ئەو کاتە جیدی دەبن کە هاوپەیمانیی شیعە بەربژێری خۆی [بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران] دیاری بکات و لەسەر پاڵێوراوێک رێکبکەون''.
ئاراس حەسۆ میرخان سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی بۆ بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەڵێت، ''ئەوەندەی داواکاریی جیدیمان هەیە، داواکاریی پۆستمان نییە لە حکومەتی عێراقدا''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ''یەکەم هەنگاو لیژنەیەکی دانوستاندن پێکدەهێنین و کارنامەیەکی کارکردن [بۆ حکومەتی داهاتوو] دیاری دەکەین و بەو کارنامەیەوە دەچینە بەغدا''.
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی 27 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و یەکێتیش 18 کورسی. ئاراس حەسۆ میرخان ئەوەشی خستەڕوو، ''بێگومان لەگەڵ یەکێتی قسە دەکەین بۆ ئەوەی [پێکەوە] کارنامەیەکی (وەرەقە) کوردی ئامادە بکەین بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا''.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بە پۆستی سەرۆککۆمار کرد و گوتی، ''باس لەوە کراوە کە ئەم جارە پارتی بەربژێری هەبێ بۆ سەرۆککۆمار، بەڵام تاوەکو نەچینە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی و نەبێتە بڕیار، ناتوانین [پشتڕاستی بکەینەوە]''.
لە خولەکانی رابردوودا پۆستی سەرۆککۆمار بە کورد بووە، بەڵام لەسەر پشکی یەکێتی. ئاراس حەسۆ میرخان دەڵێت، چاویان لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراقە و پێیوایە پارتی کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی یەکەمی لەسەر ئاستی لایەنە کوردستانییەکان بەدەستهێناوە، مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆککۆمار بکات.
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا.
''نەوەی نوێ ئامادەیە بەشداری حکومەت بێ''
زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی 10ـیەمی حکومەت رێکنەکەوتوون. ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ''نەمانگوتووە دەیکەین، بەڵام دەتوانین بەبێ یەکێتی و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە حکومەت پێکبهێنین.''
بەگوتەی ئاراس حەسۆ میرخان، پارتی قسەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی براوە کردووە و ئامادەن بەشداریی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بکەن، ''بە یەکێتی دەڵێین ئەگەر نەیەنە پێشەوە، حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام پێمان وایە یەکێتی دێتە پێشەوە.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: ''نەوەی نوێ گوتوویەتی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت. بەڵام ئێمە تاوەکو کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەکەین، وردەکارییەکان نادەینە دەرەوە، تاوەکو لەگەل یەکێتیش دانوستاندن نەکەین و لێی بێهیوا نەبین، هیچ شتێک ناکەین.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوون. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی بەدەستهێنا.
ئاراس حەسۆ میرخان باس لەوەش دەکات، هاوبەشی لەپێشینەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێتی دەبێ؛ ''پێمان وایە ئەگەر لەگەڵ یەکێتی یەکدەنگ بین و رێکبکەوین، دەتوانین لە بەغداش بەهێزتر بین و داواکارییەکانمان باشتر جێبەجێ دەکرێن. بۆیە جەنابی سەرۆک هەمووکات جەختی لەوە کردوووەتەوە، بەرژەوەندیی حیزبی وەلا بنێین، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین.''