شارەوانیی رانیە: پێویستمان بە 9 هەزار پارچە زەوییە و تەنیا 3 هەزارمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی رانیە رایدەگەیێنێت، سەرەڕای جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە بەهای زیاتر لە 18 ملیار دینار، رووبەڕووی کێشەی کەمیی زەوی بوونەتەوە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا و دەڵێت، "تەنیا نزیکەی 25%ی ئەو زەوییەی پێویستمانە، لەبەردەستماندایە."
رۆژی یەکشەممە 23-11-2025، ئەندازیار ئەحمەد مەلا وسوو، سەرۆکی شارەوانیی رانیە، لەکاتی میوانداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداودا رایگەیاند، ئەم ساڵ نزیکەی 35 پڕۆژەی جۆراوجۆریان لە بوارەکانی رێگەسازی، ئاوەڕۆ و باخچەدا جێبەجێ کردووە.
سەرۆکی شارەوانیی رانیە ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، جووتسایدی رانیە - سەرکەپکانە بە درێژایی سێ کیلۆمەتر و گوژمەی پێنج ملیار دینار، کە سایدێکی تەواو بووە و "ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت، لە مانگی داهاتوودا سایدی دووەمیش تەواو دەبێت."
هاوکات پڕۆژەیەکی دیکە بریتییە لە قیرتاوکردنی پێنج گەڕەکی نێو شار، کە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانییە و کارکردن تێدا بەردەوامە.
مەترسیی لافاو و چارەسەریی ئاوەڕۆ
بەهۆی ئەوەی رانیە لە سێ لاوە داخراوە، ساڵانە رووبەڕووی مەترسیی لافاو دەبێتەوە. ئەحمەد مەلا وسوو گوتی: "دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی لەپێشینەی کارەکانمانە و ئێستا چوار پڕۆژەمان لەم بوارەدا لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە مەترسیی لافاو زۆر کەم دەکەنەوە."
بە گوتەی ئەو، لە کۆی 55 گەڕەکی شارەکە، 10 گەڕەکیان هێشتا ئاوەداننەکراونەتەوە و هەوڵدەدەن تاوەکو ساڵی 2026 کێشەی ئاوەڕۆ لە سەرجەم گەڕەکە ئاوەدانەکاندا چارەسەر بکەن.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم شارەوانیی رانیە، دابینکردنی زەوییە بۆ فەرمانبەران. سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: "نزیکەی 9200 فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام ئێمە تەنیا نزیکەی 3000 پارچە زەویمان بەردەستە."
هۆکاری کەمیی زەوییەکەشی بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی شارەکە گەڕاندەوە و گوتی: "شارەکە لە سێ لاوە قوفڵ بووە و تەنیا لە ئاراستەی رۆژهەڵات دەتوانێت فراوان بێت، کە ئەوەش زەویی کشتوکاڵیی بەپیتە." ئەحمەد مەلا وسوو ئاشکرای کرد، بیرۆکەیەک هەیە کە لە سنووری سەنگەسەر زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئیدارەی راپەڕیندا دابەش بکرێت، "بەڵام هێشتا تەنیا بیرۆکەیە."
دانیشتووانی گەڕەکەکانی نزیک سەربڕخانەی رانیە بەهۆی کۆنی و نزیکیی لە ماڵەکانیانەوە نیگەرانن. سەرۆکی شارەوانی دان بەوەدا دەنێت کە سەربڕخانەکە "لە ئاستی پێویستدا نییە" و لەگەڵ فراوانبوونی شاردا کێشەی دروست کردووە.
ئەو گوتیشی، چەندین داواکاری بۆ دروستکردنی سەربڕخانەیەکی مۆدێرن لە دەرەوەی شار پێشکەش کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان جێبەجێ نەکراوە.