نوێنەرێکی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا: مووچەمان بۆ خەرج کرا
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا کە ئێستا کراون بە گرێبەست دەڵێت، دوای بڵاوبوونەوەی داواکارییان بۆ خەرجکردنی کرێی وانەبێژیی شەش مانگی پاریان، بەشێکی پارەکەیان بۆ خەرج کراوە.
محەممەد نەجیب، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی پێشوو و گرێبەستی ئێستا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "16ـی ئەم مانگەوە لە رێگەی رووداوەوە داوای خەرجکردنی پارەی وانەبێژیی پارمان کرد، خۆشبەختانە دەنگمان گەیشتە حکومەت و بەشێکی پارەکەمان بۆ خەرج کرا".
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی خوێندنی باڵا گوتی: "دوو رۆژە خەرجکردنی پارە دەستیپێکردووە و نزیکەی 75%ـی زانکۆکان پارەیان بۆ خەرجکراوە، زانکۆ هەیە کرێی مانگێک، هەیە و دوو و یان سێ مانگی وانەبێژەکانی پاری داوە".
بە گوتەی محەممەد نەجیب، "پار تاوەکو لە 28-10-2024 کراینە گرێبەست، تەنیا سێ جار کرێی وانەبێژیی ئەو ساڵەمان وەرگرت؛ مانگەکانی چوار، پێنج و شەش هەروەها مانگەکانی 8، 9 و 10ـی لە ساڵی 2024 کرێی وانەبێژییان وەرنەگرتووە".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، یەکشەممەی رابردوو لە وەڵامی داواکاری ئەو مامۆستایانەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو: "نەدانی کرێی وانەبێژەکانی ئەو مانگانەی ساڵی رابردوو گشتیی بووە نەوەکو پارێزگایەک و دووان و ژمارەیان زیاترە لە 3 هەزار کەس، ئێمە رێکارەکانمان بۆ کردوون، زانکۆکان پارەیان کردووە بە چەک و چوونەتە بانک گوتراوە پارە نییە".