لە دەربەندیخان شەقامێک بەناوی شاعیرێکەوە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، شەقامێکی شارەکە بە ناوی سەلام سۆڵەیی شاعیرەوە کرا.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو رێزێک لە ئەدەبی شاعیر، رەزامەندیمان دا کە شەقامێک بکرێت بە ناوی شاعیر سەلام سۆڵەییەوە".
لە رێوڕەسمەکەدا کە بەرپرسانی حیزبی و حکومیی بەشدار بوون، چەند گوتارێک لەلایەن بنەماڵەی شاعیر و ئامادەبووانەوە پێشکێش کرا و تێیدا باس لە مێژوو و ژیانی سەلام سۆڵەیی کرا.
سەلام سۆڵەیی (1942 - 1973)؛ کوڕی سەید ئەحمەدی شێخ سەعیدە، لە بنەماڵەی شێخەکانی سۆڵەیە. لە زۆرینەی هۆنراوەکانیدا لایەنگری کەسانی جووتیار و دژی دەرەبەگ و ئاغاکانی ئەو سەردەمە بووە.
سەلامی سۆڵەیی لە منداڵییەوە خولیای نووسینی هۆنراوەی هەبووە و کاریگەری شاعیرانی کلاسیکی لەسەر بووە. ساڵی 1970 دیوانێکی شیعری بەناوی (شاخی سۆڵە) بە چاپ گەیاندووە؛ هەروەها دیوانی (دەردی دڵ) ئامادەی چاپکردن بووە، بەڵام تەمەن بواری نەداوە و دوای خۆی لەلایەن منداڵەکانییەوە لە ساڵی 2016 لەگەڵ دیوانی (شاخی سۆلەدا) پێکەوە لەنێو دیوانێکدا چاپ کرانەوە.