مهاباد و پیرانشار لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ پیسترین هەوایان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ چوارەمین رۆژ لەسەر یەک، لە پێنج شاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکان هەوا پیس بووە و پیسبوونی هەوا لەو شارانە لە ئاستی پێوەرەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەرزترە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025، سەعید مووسەوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە شارەکانی ورمێ، مهاباد، خۆی، شاهیندژ (سایین قەڵا) و پیرانشار بۆ چوارەمین رۆژ لەسەر یەک پیسیی هەوا گەیشتە ئاستی "هەستیار و ناتەندروست".
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ، لەو ماوەیەدا بەراورد بە شارەکانی دیکە پیسبوونی هەوا لە شارەکانی مهاباد و پیرانشار و ورمێ زیاتر بوو و ئەو دوو شارە وەکو پیسترین شارەکانی پارێزگاکە لەڕووی کوالێتی هەواوە دەستنیشان کراون.
سەعید مووسەوی گوتی، بەهۆی بەردەوامیی پیسبوونی هەوا، ئەمڕۆ لە ورمێ، مهاباد و پیرانشار سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکان کرانە پشوو و فەرمانگە حکومییەکان جگە لە دامودەزگە خزمەتگوازییەکان بە یەک کاژێر دواکەوتنەوە کرانەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئاستی پیسبوونی هەوا لە هەردوو شاری مهاباد و پیرانشار 166، لە شاری ورمێ 134، لە شاهیندژ 119 و لە خۆی 108 تۆمار کراوە کە بە هەستیار و ناتەندروست بۆ گرووپە هەستیارەکان دادەنرێن.
بەرێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، قەتیسبوونی هەوا لە ئاسمانی شارەکان، هەروەها دووکەڵی ئۆتۆمبێل و کارگەکان بە هۆکاری سەرەکی بۆ پیسبوونی هەوای شارەکان لە ئێران دادەنرێن.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە سەرەتای ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، پار 58 هەزار و 975 کەس لەو وڵاتە بەهۆی پیسبوونی هەوا و کاریگەرییەکانی لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.