بە یارمەتیی خێرخوازان 500 زیندانی لە زیندانەکانی ورمێ ئازاد دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان و ناوەندە چاکسازییەکانی پارێزگای ورمێ دەڵێت، بە کۆکردنەوەی 40 ملیار تمەن لەلایەن خێرخوازانەوە 500 زیندانی لە زیندانەکانی پارێزگاکە ئازاد دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025، موراد فەتحی، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان و ناوەندە چاکسازییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، هەفتەی رابردوو رێوڕەسمێک بە ناوی "گوڵڕێژ" بە ئامادەبوونی رەزا رەحمانی، پارێزگار و ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بەڕێوەچوو، ئامانج لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە یارمەتیدانی ئەو زیندانییانەیە کە بەهۆی کێشەی داراییەوە زیندانی کراون.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکان و ناوەندە چاکسازییەکانی پارێزگای ورمێ، لە رێوڕەسمەکەدا لە لایەن خێرخوازان، بازرگان و خاوەن کارگەکانەوە 40 ملیار تمەن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی کۆکرایەوە.
موراد فەتحی گوتی: "بە بڕە پارەیەی کۆکراوەتەوە، زیاتر لە 500 زیندانی کە بەهۆی قەرز و کێشەی داراییەوە زیندانی کراون، ئازاد دەکرێن و رێوشوێنی پێویست بۆ ئەم مەبەستە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی زیندانەکان و دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەستپێکردووە."
گوتیشی، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کێشەی داراییەوە لە زیندانەکانی پارێزگای ورمێدا زیندانی کراون 997 کەس بوو کە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا کێشەکانی 265 کەس چارەسەر کراون و لە زیندان ئازاد کراون.
فەتحی ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانییانە 52 ملیار تمەن لە لایەن خێرخوازانەوە کۆکرابووەوە.