کەشناسیی عێراق بۆ رووداو: ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کەشناسیی عێراق، پێشبینیی دەکات لە سبەینێ دووشەممەوە شەپۆلێکی باران و هەورەبرووسکە روو لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات و پلەی گەرماش دابەزێت.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی ناجێگیر لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا و عێراق دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە.
کەشناسیی عێراق رایگەیاند، لە ئێوارەی دووشەممەوە، هەوری کەڵەکەبوو لە ناوچەکانی رۆژئاواوە دەست بە چڕبوونەوە دەکات و دواتر بەرەو شارەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە. لەگەڵ زیادبوونی پەڵەهەورەکان، ئەگەری بارانی پچڕپچڕ و هەورەبرووسکە لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق زیاددەکات، کە بڕەکەی بەگوێرەی ناوچەکان لەنێوان کەم بۆ مامناوەند دەبێت.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرما و با، عامر جابری روونیکردووەتەوە، رۆژانی دووشەممە تاوەکو چوارشەممە خێرایی با گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و هەندێک کات هێمن دەبێتەوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە ئاراستەی با بۆ باکووری رۆژئاوا دەگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما.
کەشناسیی عێراق پێشبینیی دەکات، بەیانیان و شەوان کەشوهەوا سارد بێت و بەڕۆژیش فێنک بۆ نیمچە سارد بێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق.
سەبارەت بە دۆخی کەشوهەوا لە ناوچە و شارەکانی دیکەی عێراق، کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و کەشوهەوا بە جێگیری دەمێنێتەوە.