مووچەی زیاتر لە 1000 کەس لە وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان راگیرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، مووچەی زیاتر لە 1000 کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان بەهۆی کەموکورتی لە مامەڵەکانیان، راگیرا. بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدانی گەرمیان دەڵێت، "هەرکەس کارتی نیشتمانی بهێنێت راگرتنی مووچەکەی لادەبرێت."
 
جەبار شەهید محمەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەی مانگی 9ی هەموو ئەو کەسوکارانەی شەهیدان و ئەنفالکراوانمان راگرتووە، کە تاوەکو ئێستا کارتی نیشتمانییان نەهێناوە."
 
بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان دەڵێت، "نزیکەی 550 کەس دوای چەندین جار داواکاری کارتی نیشتمانییان نەهێناوە، بۆیە ناچاربووین مووچەی مانگی داهاتوویان رابگرین."
 
جەبار شەهید محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ کەسێک مووچەی مانگی 9ی پێنادرێت ئەگەر کارتی نیشتمانی نەهێنێت، بەڵام وەکو ئاسانکاری بۆیان بڕیارمان داوە، هەرکەس رۆژی دابەشکردنی مووچەش کارتەکە بهێنێت، مامەڵەکەی تەواو بکەین و مووچەکەی بۆ خەرج بکەینەوە."
 
لە قەزای چەمچەماڵیش هەمان کێشە هەیە. چیا تەیفوور، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ناچار بووین ئەو کەسانەی مامەڵەکانیان کەموکورتیی تێدایە، مووچەیان لە بانکەوە رابگرین، تاوەکو زانیارییەکان تۆمار دەکەن."
 
بەرپرسی راگەیاندنی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ دەڵێت، تاوەکو ئێستا مووچەی کەسیان رانەگرتووە، بەڵام بۆ مووچەی مانگی نۆ "مووچەی زیاتر لە 500 کەس رادەگیرێت."
 
لەبارەی پێداویستییەکانەوە بۆ خەرجکردنی مووچەی وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان، چیا تەیفوور گوتی، "دەبێت کارتی نیشتمانییان پێبێت و زانیاریی ناوی چواری وارس و شەهید یان ئەنفالکراوەکە، هەروەها ناوی دایکی شەهیدەکەی لە فۆڕمێکدا تۆمار بکات."
 
داواکردنی کارتی نیشتمانی بۆ سیستمی پەیرۆڵە، کە حکومەتی عێراق داوای کردووە و پێویستە هەموو وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان خۆیان تۆمار بکەن.
 
91 هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و زیندانییانی سیاسی بڕە مووچەیەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان وەردەگرن. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، تاوەکو کۆتایی ئابی ئەم ساڵ نزیکەی 41 هەزار کەس کارتی نیشتمانییان نەبردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان.
 
هەر کەسێک لە وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان تاوەکو ئەمڕۆ کارتی نیشتمانیی نەبردبێت، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سنووری پارێزگاکان و ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بکات کە مووچەی لێوەردەگرێت و خۆی تۆمار بکات.