حەج و عومرە بۆ ئەوانەی ناویان دەرچووە: تێچووەکەی نەهێنن مافی حەجکردنتان نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوایین کات بۆ رادەستکردنی پارەی حەجی ساڵی داهاتوو پێنجشەممەیە. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، هەرکەس تێچووی حەج (پارە) نەبات کەسی یەدەگ دەخرێتە جێگەی.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "10 رۆژ دیاریکرابوو بۆ هێنانی پارە و تەواوکردنی رێکارەکانی مامەڵەی چوونە حەج و 27ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت".
ستوونی دەڵێت: "هەرکەس تاوەکو ئەو رێککەوتەی دیاری کراوە پارە نەهێنێت و مامەڵەکانی تەواو نەکات، بەگوێرەی بڕیار و کاتی دیاریکراو ئەگەر هەیە ئەوانەی وەکو یەدەگ هەڵبژێردراون بخرێنە شوێنەکانیان".
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "پێویسته له كاتی سهردانكردنی نووسینگهكانی حهج و عومره، پاسپۆرت؛ کۆپییەک له پاسپۆرت و كارتی نیشتیمانی و كارتی زانیاری و تێچووی حەج ببەن، کە 7 ملیۆن و 100 هەزار دینارە".
بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ساڵی داهاتوو زیاتر لە شەش مانگ کات ماوە، لەبارەی زوو داواکردنی پارەوە کاروان ستوونی گوتی: "هەندێک رێککەوت و مامەڵە هەن، کە سعودیە و عێراقیش پێیەوە پابەندن و دەبێ زوو جێبەجێ بکرێن، داواکردنی پارەش لەو چوارچێوەیەدایە".
ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حهج و عومره له هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ههڵهبجە، سۆران، گهرمیان، زاخۆ و راپهڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
لە 16-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەجی ساڵی داهاتوو، کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە.
ناونووسین بۆ چوونە حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردبوو.