رۆژانە لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی 25 تووشبووی پەتای وەرزی تۆمار دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی پەتای وەرزی بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و نەخۆشخانەی شار پێشوازی لە دەیان تووشبوو کردووە. بەپێى ئامارى نەخۆشخانەکە، رۆژانە نزیک بە 25 تووشبووى نوێى پەتاى ئەنفلەوەنزا تۆمار دەکرێن کە دوو لەوان پێویستیان بە چاودێری و مانەوە هەیە و ئەوانى دیکە دواى وەرگرتنى چارەسەر، دەنێردرێنەوە.
 
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەی شار دەڵێت، ئەنجامى نموونەى پشکنینەکان دەریانخستووە کە هەردوو پەتاى جیهانیی ئەنفلەوەنزا و کۆرۆناش تۆمارکراون، بەڵام وەک پەتایەکى ئاسایی وەرزین و دواى یەک تاوەکو دوو هەفتە، زۆرینەی تووشبووەکان دۆخی تەندروستییان ئاسایی دەبێتەوە.
 
ئومێد عەلى، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى شار دەڵێت، "بۆ ئەو کەسانەى کە ئاسایین، ئەم پەتایە تەنیا پەتایەکى وەرزییە و زیاتر هیچ نییە، جێگەى ترس و دڵەڕاوکێ نییە، تەنیا پێویستیان بە خۆپاراستنە. ئەوانەى هەست دەکەن هەناسەیان تووندە و کۆکە و پژمەیان هەیە، رێنماییەکان جێبەجێ بکەن کە زۆر سادەیە تەنیا مانەوە لە ماڵ و خۆیان گەرم داپۆشن و خواردن و خواردنەوەى گەرم و شل بخۆن."
 
بەشێک لە هاونیشتمانییان لەبارەی پەتاکەوە لە بازاڕی سلێمانی قسەیان بۆ رووداو کرد، زۆرینەیان دەڵێن، خۆیان یان ماڵەوەیان تووشى پەتاکە بوون.
 
عەبدوڵڵا هەمزە، پێشمەرگەى دێرین بە رووداوی گوت، "وەرزى پاییز هەروایە و پەتا دەهێنێت، نابێت خەڵک هەروەک هاوین ئاوى سارد بخواتەوە و جل لەبەر بکات، دەبێت خۆت دکتۆرى خۆت بیت."
 
رەئوف ئەحمەد، هاونیشتمانی دەڵێت، "من خۆم و ماڵەوەش گرتمانن، تەنیا یەک دوو پارچە دەرمانمان وەرگرت و زوو باشبووین."
 
محەممەد قادر ئاماژە بەوە دەکات، "من ئەو پەتایەم گرت، هەمووى دوو رۆژ پێمەوە بوون، تەنیا شەوان زەیتى زەیتونم خوارد و نەشچوومە لاى دکتۆر."
 
بەپێى زانیارییەکانى رووداو، لە کۆى تووشبووانى پەتاى ئەنفلوەنزا لە سلێمانى، یەک کەس لە نەخۆشخانەى شار بەو پەتایە گیانى لەدەستداوە کە کەسێکى بەتەمەن بووە و پێشتر نەخۆشیى درێژخایەنى هەبووە.