سەعدی پیرە: دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، دوای راگەیەندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، نەک هەر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵکو لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی لە ناوچە کوردستانییەکان کورسییان بەدەستهێناوە کۆدەبنەوە.
رۆژی شەممە، 23ـی کانوونی یەکەم، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەبارەی پێشنیازکردنی کەسێک لەلایەن یەکێتییەوە بۆ پۆستی پارێگاری کەرکووک، کاتێک دەکرێت کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رابگەیێنێت".
لەبارەی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند: "بەتەنیا هەر پارتی نییە، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە چوار پارێزگای کەرکووک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین کورسییان هێناوە، گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، بەڵام بە دڵنیاییەوە گرنگە ماڵی کورد یەکبێت".
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 94.4٪ی دەنگە جیاکراوەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک پێنج کورسی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی بەدەستهێناوە.