کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان باراناوی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان باراناوی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، باران لە سەنتەری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەبارێت، بەڵام رێژەی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 23-12-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتیی هەوری باراناوی دەبێت؛ رێژەی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممەوە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.
کەشناسیی ئاماژەی بەوەکردووە، درەنگی شەوی یەکشەممە پێشبینی دروستبوونی تەم دەکەن بەتایبەت لە سنووری پارێزگای دهۆک. راشیگەیاندووە، پلەی گەرمای سبەی نزیک دەبێتەوە لە پلەی گەرمای ئەمڕۆ.
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بارانبارینی بەلێزمە لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەبارێت و تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ناوبەناو بارانبارین لەو سنوورانە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە سەنتەری هەولێر بارانی کەمتر و نمەباران دەبارێت".
لەبارەی بارانبارین لە پارێزگاکانی دیکە، ئاراس جەبار گوتی، "ئێستا کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆیە لە سلێمانی لێزمە باران دەبارێت؛ لە تەواوی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بارانی باش دەبارێت و رێژەی بارینەکە لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت".
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەکرد، "تەنیا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان" بەفر دەبارێت؛ گوتیشی، ئەم شەپۆلە رۆژی دووشەممە کۆتایی دێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت؛
هەولێر؛ 13 پلەی سیلزی
سلێمانی؛ 12 پلەی سیلزی
دهۆک؛ 12 پلەی سیلزی
کەرکووک؛ 14 پلەی سیلزی
هەڵەبجە؛ 12 پلەی سیلزی
زاخۆ؛ 13 پلەی سیلزی
سۆران؛ 10 پلەی سیلزی
حاجی ئۆمەران؛ 2 پلەی سیلزی
گەرمیان؛ 17 پلەی سیلزی