حکومەت: سبەی دەوامی فەرمییە و هەرکەسێک دەوام نەکات بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی دەوامی فەرمییە، هەرکەسێک دەوام نەکات بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت.
 
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی دووشەممە 25ـی ئەم مانگەوە تاوەکو 1ـی 1ـی ساڵی نوێ لە سەرجەم دامودەزگە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، پشووی فەرمی دەبێت و رۆژی 02-01-2024 دەوام دەستپێدەکاتەوە.
 
بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ (شەممە) پشووی فەرمییە و لەم هەفتەیەدا تەنیا سبەی (یەکشەممە) دەوامی فەرمی هەیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، سبەیش دەوام ناکرێت تاوەکو دوای سەری ساڵ.
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی لە تەواوی فەرمانگە و قوتابخانەکان دەوامی فەرمییە و هەرکەسێک نەچێتە دەوام، بە نەهاتوو هەژمار دەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی هەر هاونیشتمانییەک مامەڵەی هەیە، دەتوانێت سەردانی ئەو فەرمانگەیە بکات کە پێویستی پێیەتی، جگە لە چەند فەرمانگەیەک نەبێت کە بەفەرمی رایگەیاندووە بەهۆی كۆتاییهاتنی ساڵی ژمێریارییەوە دوام ناکەن، لەوانە؛ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ.