ئەشواق جاف: پۆستەکانی بەغدا بەپێی "خاڵ" دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، شاندی دانوستاندنکاری حیزبەکەی لەگەڵ لایەنەکان جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە "یەک وەرەقەی هاوبەش" بچنە بەغدا. دەشڵێت، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرکەوتەی پارتییە و بەربژێرەکەیان پێش دانیشتنی پەرلەمان ئاشکرا دەکەن.
د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە ئامادەکارییەکانی پارتی و لایەنە کوردستانییەکان بۆ قۆناخی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کرد.
یەک وەرەقەی هاوبەش بۆ "ئەودیو حەمرین"
سەبارەت بە کارنامەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی، د. ئەشواق جاف ئاشکرای کرد، کە دوای 11ـی مانگ شاندەکەیان سەردانی لایەنەکانی کردووە و پەیامێکی روونیان هەبووە. ئەو گوتی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگی دەدەین بەوەی کە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە یەک وەرەقە بچنە ئەودیو حەمرینەوە و لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتوو بەیەکەوە بن."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی روونیکردەوە کە ناوەڕۆکی ئەو "وەرەقە هاوبەشە" شتێکی شاراوە نییە و بریتییە لەو بەندە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراون، بەڵام جێبەجێ نەکراون. د. ئەشواق دەڵێت: "هەندێک لە بەرپرسانی عێراق باوەڕیان بە فیدراڵییەت و جێبەجێکردنی دەستوور نییە، ئەو مادانە پشتگوێ خران، بۆیە وەرەقەکە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو مادە دەستووریانە."
پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان
سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا، د. ئەشواق جاف بە رووداوی راگەیاند، بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، "پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە."
سەبارەت بە بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە، ئەشواق جاف گوتی: "مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی پێش دانیشتنەکە ناوەکە یەکلایی دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت. هەر هەڤاڵێک بێت لای ئێمە گرنگ نییە، چونکە ئامانجی ئێمە خزمەتکردن و بەرگریکردنە لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان."
29ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانە، دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دواتریش دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن. دواتر لە ماوەی 30 رۆژدا سەرۆککۆمار هەڵدەبژێردرێت و ئەویش 15 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ راسپاردنی کاندیدی فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەت."
سەرۆککۆمار دەبێت بە ئیرادەی کوردی بێت
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار و دەستێوەردانی دەرەکی، ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەسەر "کوردستانیبوونی بڕیارەکان" کردەوە.
د. ئەشواق جاف گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پۆستی سەرۆککۆمار لەنێو ماڵی کورد یەکلایی بکرێتەوە، نەک بە دەستێوەردانی لایەنە شیعە یان سوننەکان. گرنگە هەر بڕیارێک پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبێت، بە ئیرادەیەکی کوردستانی بدرێت."
سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان لایەنە کوردییەکان، د. ئەشواق جاف روونیکردەوە کە لیژنەی دانوستاندنکار میکانیزمەکە دیاری دەکات، بەڵام بە گشتی پۆستەکان بەپێی "خاڵ" دابەش دەکرێن و هەر لایەنێک بەپێی سەنگی هەڵبژاردن پۆست وەردەگرێت.