وەزارەتی ناوخۆ: لەبارەی ئاوارەکان لەگەڵ عێراق کەمێک لێک دوورین
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئاوارەکان لە بەغدایە. ئەندامێکی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکان گوتی: "گفتوگۆکان لەسەر دانانی کەسی شیاون بۆ پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکانی شنگال."
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر پرسی ئاوارەکان لەگەڵ لایەنی عێراقی کۆبووینەوە، هەرێمی کوردستان داوا دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئاوارەکان بە رەزامەندیی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان؛ ئەو دوو تەوەرە پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بوون."
رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی 2020 واژۆ کرا.
بە گوتەی سامی جەلال، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن. گوتیشی: "دوای سەری ساڵ جارێکی دیکە کۆدەبینەوە."
راوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەر یەکەمان داواکاریی خۆمان هەیە؛ بەڵام بیروڕامان تۆزێک لێک دوورن، بۆیە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ."
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی بەشدار لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: "لەسەر دانانی خەڵک بۆ پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی قەزای شنگال گفتوگۆکان بەردەوام دەبن؛ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە رێککەوتنی شنگال هەن، چۆن ئیدارییەکی وا دروست بکرێت خەڵک بەگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆیان بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت".
دوێنێ دووشەممە، شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە کۆڤان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی؛ سامی جەلال، راوێژکاری وەزیری ناوخۆ و سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی ئاوارەکان سەردانی بەغدایان کرد.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رووداوی داوە، 21 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون. لەو کەمپانەدا نزیکەی 17 هەزار خێزانی ئاوارە دەژین و "زۆرینەی هەرە زۆریان خەڵکی شنگالن، ئەو کەمپانە 16ـیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 5ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن".