راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق: بڕیاری سەرۆک بارزانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلاکەرەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق، رایدەگەیێنێت، دۆخی سیاسیی عێراق بە نزیکەیی گەیشتووەتە بنبەست. دەشڵێت، بڕیاری سەرۆک بارزانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار یەکلاکەرەوەیە.
ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد.
محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ لای سەرۆککۆمار رایگەیاند: "ئەو شاندە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی گشتیی عێراق و ئەو کێشە و گرفتانەی دوای هەڵبژاردن دروستبوون سەردانیان کرد، بەتایبەتی کە وادەی دەستووری بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دیاریکراوە و پێویستە رێکارەکان بگیرێنەبەر."
راوێژکارەکەی سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا دۆخی عێراق وەک ئەوە نییە کە "هەندێک کەس وایدەبینن هیچ کێشەیەک نییە"، بەڵکو "کێشەی زۆر هەیە و پێویستە ئەو کێشانە پێش پێکهێنانی حکومەت باس بکرێن و چارەسەر بکرێن."
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی چڕکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان هێزە سیاسییەکان کراوەتەوە، بە ئامانجی خێراکردنی رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە وادە دەستوورییەکاندا، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی داخوازییەکانی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کە بەپێی عورفی سیاسی پشکی کوردە، محەممەد ئەمین فارس گوتی: "ئەم بابەتە دەبێت لە کوردستان و لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا یەکلایی بکرێتەوە."
راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق پێیوایە: "بڕیاری جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر یەکلاکەرەوەیە؛ هەر کاندیدێک جەنابی سەرۆک دیاری نەکات، دەنگی پێویست ناهێنێت."
سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پۆستە باڵاکان، محەممەد ئەمین فارس گوتی: "لایەنە شیعەکان تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێرێکی یەکلاکراوە بۆ سەرۆکوەزیران رێکنەکەوتوون، هەروەها سوننەکانیش چەند بەربژێرێکیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە و رێکنەکەوتوون. دۆخەکە بە نزیکەیی گەیشتووەتە بنبەست."
محەممەد ئەمین فارس جەختیکردەوە کە لەم دۆخەدا رۆڵی پارتی زۆر گرنگە و گوتی: "پارتی وەک حیزبی یەکەمی سەر ئاستی عێراق، رای زۆر گرنگە و دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە."
لەبارەی ئەجێندای پارتی لە دانوستانەکاندا، راوێژکارەکەی سەرۆککۆماری عێراق روونیکردەوە، بەرنامەی پارتی تەنیا وەرگرتنی پۆست نییە، "بەڵکو داکۆکیکردنە لەسەر بەرنامەی حکومەت، جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافی خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق."