پارێزگاری هەولێر: سبەی 2 هەزار پارچە زەویی دیکە دابەش دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوو هەزار پارچە زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دابەش دەکرێن.

رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو کەسانە بەردەوامین کە شایستەن و مافی وەرگرتنیان هەیە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا سبەی لە وەجبەیەکی دیکەدا 2 هەزار پارچە زەویی دیکە دابەش دەکرێن."
 
زەوییەکان دەکەونە رێگەی نێوان هەولێر و دهۆک. بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، "ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و سبەی لە رێوڕەسمێکدا بە تیروپشکی ئاشکرا دابەش دەکرێن."
 
پارێزگاری هەولێر روونیکردەوە، ئەو کەسانە سوودمەند دەبن کە پێشتر رەزامەندیی وەرگرتنی زەوییان هەبووە و فەرمانبەری هەموو وەزارەتێکی تێدایە. "تاوەکو یەک کەسی شایستە مابێت، بەردەوام دەبین."
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو 04ـی ئەم مانگە لە هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە 60 هەزار پارچە دابەشکراوە، لە سلێمانی 20 هەزار پارچە و دەوروبەری شارەکە هیچ زەوییەکی دابەش نەکردووە؛ لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار پارچە و لە هەڵەبجە هیچ زەوییەک دابەش نەکراوە.
 
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ.