بەهۆی بڵابوونەوەی ئەنفلەوەنزا قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ داخران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵ دەرنەچن.
رۆژی سێشەممە، 23ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی قوتابییان و پچڕاندنی زنجیرەی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزا، سبەی چوارشەممە سەرجەم قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە پارێزگاکە دادەخرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوەتە هاونیشتمانییان، بەتایبەتی چین و توێژە هەستیارەکانی وەکو منداڵان، ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان، "ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵ دەرنەچن."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 22-12-2025، ژیلا یاوەریان، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئەنفلەوەنزای ئێران رایگەیاند، ئەم ساڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکە فراوان بووە و نزیکەی 30٪ بۆ 35٪ـی دانیشتووانی ئێران تووشی ئەنفلەوەنزا بوون؛ لەو رێژەیەش نزیکەی 2٪ـیان هاوکات تووشی کۆرۆنا (COVID-19) بوون.
بەگوتەی ژیلا یاوەریان، ئەم شەپۆلی ئەنفلەوەنزایە کە لە کۆتایی وەرزی پاییزەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبووەتەوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو دوو مانگی دیکەش بەردەوام بێت. تەنیا لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەم شەپۆلەوە، لە چەندین پارێزگا زیاتر لە سێ هەفتە پرۆسەی خوێندن وەستاوە.
سەبارەت بە ئاماری قوربانییان، پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی فریاکەوتنی ئێران گیانلەدەستدانی 115 کەسی بەهۆی ئەنفلەوەنزاوە راگەیاندبوو، بەڵام سەرۆکی ناوەندی نیشتمانیی ئەنفلەوەنزای ئێران دەڵیت، ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە.