عێراق هاوردەکردنی مریشکی بەستوو قەدەخە دەکات؛ "هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە"
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو و پارچەکانی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەرێمی کوردستان ساڵانە دەتوانێت 75 هەزار تۆن مریشکی بەستوو بۆ عێراق بنێرێت".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، "لە 15-01-2026ـەوە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مریشکی بەستوو، پارچەکانی و هەموو بەرهەمە دروستکراوەکانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرهەمی مریشکی بەستووی نێوخۆی هەرێمی کوردستان ئێستا هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و رێگری لێ ناکرێت".
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای قەدەخەکردنەکەش، هەناردەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق بەردەوام دەبێ و قەدەخە ناکرێ، بڕیارەکە خزمەت بە بازاڕکردنی بەرهەمی مریشک لە هەرێمی کوردستان دەکات و خواستی زیاتر لەسەر دروست دەبێت".
بە گوتەی فیراس سیدق، ئێستا ساڵانە هەرێمی کوردستان 115 ملیۆن مریشک بەرهەم دەهێنێت. گوتیشی: "هەرێمی کوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی 200 هەزار تۆن مریشکی بەستوو و پارچەکانی هەیە و دەتوانێت 75 هەزار تۆنی هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بکات".
سەرەتای ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستوو و پارچەکانی قەدەخە کرد و رایگەیاند، لە داهاتوودا دەیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی هۆکاری قەدەخەکەوە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی نێوخۆیی و بەرهەمهێنەرانی پەلەوەر" ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لە عێراق دەنگی لەسەر قەدەخەکردنەکە داوە.