وەزارەتی پەروەردە شێوازی راگەیاندنی نمرەکان بە دیجیتاڵی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ گۆڕانکاری لە شێوازی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەکرێت و پێش دابەشکردنی کارتەکان، نمرەی قوتابیان بەشێوەی دیجیتاڵی رادەگەیێنرێت.
 
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە (رۆژی هیوا جەمال)ـی راگەیاند: "بڕیار دراوە بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم، پێش ئەوەی قوتابخانەکان بە شێوەی مەیدانی و کاخەزی کارتی نمرەی قوتابیان دابەش بکەن، وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی بەرایی نمرەکان رابگەیێنێت."
 
سبەی (24-12-2025) کۆتایی بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم دێت و راستەوخۆ پشووی خوێندن دەستپێدەکات.
 
سەبارەت بە میکانیزمی راگەیاندنەکە، سەرچاوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، نمرەکان لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی - هەڵسەنگاندن)ـەوە بە شێوەی دیجیتاڵی بڵاودەکرێنەوە.
 
لەبارەی ئامانجی ئەو بڕیارە، سەرچاوەکە گوتی: "ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە قوتابیان و بەخێوکارانیان لە زووترین کاتدا و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئاگاداری ئەنجامەکان بن، پێش ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی کارتە کاخەزییەکان لە ناو قوتابخانەکاندا دەستپێبکات."