سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی UN بۆ رووداو: نامەی عێراقمان لەبارەی هێرشی سەر هەولێر بەدەست نەگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند هیچ نامەیەکیان لە عێراقەوە بەدەستنەگەیشتووە سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر.
سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لە نیکۆلا دو ریڤیێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پرسی "ئایا نامەی عێراق لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر بەدەستتان گەیشتووە؟" لە وەڵامدا نیکۆلا دو ریڤیێر رایگەیاند "هیچ نامەیەک هەتا ئێستا بەدەستم نەگەیشتووە."
گوتەکەی نیکۆلا دو ریڤیێر لەکاتێکدایە ئەمڕۆ 10 رۆژ بەسەر هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر تێپەڕیوە، کە رۆژی دوای هێرشەکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو "هێرشەکەی ئێران، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی بە مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە خەڵکی مەدەنیی بێتاوان بوونەتە قوربانی."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا هەروەها جەختی کردبووەوە لەوەی "ئەو هەڵسوکەوتەی ئێران بە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسایش و گەلی عێراق و زیانگەیاندن بەرامبەر ئاسایشی ناوچەکە دەزانێت و، هەموو رێکارێکی یاساییش لە بەرامبەری دەگرێتەبەر، لەوانەش سکاڵاکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایشى نێودەڵەتى."
پەیامنێرەکەی رووداو لە نیویۆرک باسی لەوەش کرد: هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە نیویۆرک، ئەو نامەی بەدەست نەگەیشتووە.
لە هێرشە مووشەکییەکەی درەنگانی شەوی 15ـی ئەم مانگە بۆ سەر هەولێر، زیاتر لە حەوت مووشەک بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کورد کەوتن، بەهۆیەوە خۆی و کچە تەمەن 11 مانگەکەی، هەروەها بازرگانێکی هاوڕێی لەگەڵ کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، کارگوزارەکە دایەنی ژینەی تەمەن 11 مانگ بوو.