لە گەرمیان راوچییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی زنانە لە گەرمیان، راوچییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، "یان لەگەڵ داعش رووبەڕووبوونەوەیان هەبووە یان لەنێوخۆیاندا لەدەستیان دەرچووە".
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچە سەختەکانی پشت ناحیەی زنانە لە قەزای کفری ئیدارەی گەرمیان روویداوە. وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راوچییەکان پێنج کەس بوون، یەکێکیان کوژراوە و یەکێکی دیکەشیان بریندارە."
ئەوانەی لە رووداوەکە رزگاریان بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە دەڵێت، "راوچییەکان دەڵێن پۆلیسی دارستان تەقەی لێکردوون، بەڵام راست نییە و ئەمشەو پۆلیسی دارستانی سنوورەکە هیچ جووڵەیەکیان نەبووە".
ناحیەی زنانە بەهۆی جوگرافیای ناوچەکەوە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و چەند جارێک ئەو چەکدارانەی لەو سنوورانە هەن و دەگوترێت داعشن جووڵەیان هەبووە. وەهاب ئەحمەد گوتی، "مانگێک پێش ئێستا داعش لەم سنوورە هەبوون و هێزە ئەمنییەکانمان ئاگادار کردەوە، ئیستاش گومان دەکەین داعش تەقەی لێکردبن، یان خۆیان گولـلەیان لەدەست دەرچووبێت و بیانەوێت رووداوەکە پەردەپۆش بکەن".