بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی دەستپێکردنی خوێندن لە سنووری سلێمانی دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
پەروەردەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیانکردووە بە (غیاب دان) نەهاتن هەژمارکردنی ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان کردووە. بڕیارە ئەمڕۆ و سبەی مامۆستایانی وانەبێژ و ناڕازی کۆببنەوە. نوێنەرێکیان دەڵێت، بڕیاری گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان یان بەردەوامی بە بایکۆت دەدەن.
زیاتر لە چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەستیپێکردووە، بەڵام بەشێکی مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
محەممەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ و سبەی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان کۆبوونەوە و راوێژ دەکەن و سەبارەت بە دەستپێکردنی دەوام یان بەردەوامیدان بە بایکۆتکردن بڕیار دەدەن".
ماوەی چەند رۆژێكە پەروەردەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە، راپەڕین و دووکان هەوڵی جۆراوجۆر دەدەن بۆ گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ دەوام؛ محەممەد کەمال گوتی، "لە سلێمانی و لە راپەڕین چەندین مامۆستا غیاب دراون، وەکو گوشارێک بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەوام".
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، "گوشارێکی زۆرمان لەسەرە بۆ گەڕانەوە بۆ دەوام؛ جارێ دیار نییە کۆبوونەوەکە چ بڕیارێک دەدات، ئەوەی هەیە بایکۆت بەردەوامە".
بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "90%ـی قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام 65 بۆ 70%ـی مامۆستاکان گەڕاونەتەوە دەوام. لە هەموو پەروەردەکانیش غیابی مامۆستایانی میلاک دەستیپێکردووە و دەڵێن وانەبێژانیش دەوام نەکرێن دەردەکرێن، ئەمانە هۆکار و فشارن لەسەر ئەوانەی بایکۆتیان کردووە بۆ گەڕانەوە".
کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەی دەوام لەکاتێکدایە، رۆژی 22-01-2024، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و کە لە بەشێکیدا هاتبوو، ئەوان "پشتگیری" بۆ مافی مامۆستایان دەکەن، بەڵام "ئەنجامی ماوەی زیاتر لە سێ مانگ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان، دەریخستووە کە بەردەوامی بایکۆت تەنیا لەم سنوورە، جگە لەوەی سلێمانی و دەوروبەری و خوێندکارانی ئەم دەڤەرە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن، هیچ ئەنجامێکی دیکەی لێ بەدینەهاتووە، مەترسی فەوتانی یەک ساڵی خوێندنی لەسەر ئەم دەڤەرە دروستکردووە، کە کاریگەریێکی زۆر نەرێنی لە بواری زانستی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، مەعنەوی و مێژوویی بەسەر ئەم دەڤەرە بەجێ دێڵێت".
یەکێتی کردنەوەی قوتابخانەکان و بەردەوامی پرۆسەی خوێندنی خستە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان، لایەنە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان.
شەوی رابردووش مامۆستایانی ناڕازی لە وەڵامی یەکێتیدا رایانگەیاند، "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە دەسەڵاتدار و قەڵەمڕەوی زۆنێکی گەورە و کاریگەرە، پاش زیاتر لە چوار مانگ و نیو لە بایکۆتی مامۆستایان و فەوتانی وەرزێکی تەواوی خوێندن و لە سەرەمەرگی وەرزی دووەمدا و لە پەراوێز و کۆتا خاڵی کۆبوونەوەکەیاندا، زۆر بە لاستیکی و ئینشائییانە و بەبێ هیچ چارەسەرێک و بەدەستەواژەی پڕ لە شەرمەزاریی (بایکۆت تەنیا لەم دەڤەرە هیچ ئەنجامێکی لێ بەدینەهاتووە) داوا لە مامۆستایان دەکەن کە بایکۆت بشکێنن!".
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی، "یەکێتیی پێنج مانگە پرسی بایکۆتی مامۆستایانی بۆ دوو مەبەست راگرتووە و گوشارێکی ئەوتۆی لە مامۆستایان نەکردووە تا بایکۆت بشکێنن؛ یەکەم: تا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق تەواو ببێت و موزایەدەی بوونی ئازادی رادەربڕین لە قەڵەمڕەوییەکەیدا بەسەر لایەنیتردا بکات و دووەم: وەک گوشارێک و بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیی لەسەر مێزەکە بیهێڵێتەوە، تا دەستکەوتی زیاتر بۆ خۆیان و سەرکردەکانیان بەدەست بهێنن".
بەگوتەی مامۆستایانی ناڕازی، "ئێستاش کە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوکە و [یەکێتی] پێویستی بەدەنگی پارتییە، ئەیەوێت بە گوشار و چاوسوورکردنەوە و غیابدان و نانبڕینی نایاسایی و کۆمەڵێک دەستەواژەی چەواشەکارانە، پرسەکە بێنێتەوە گۆڕێ".
لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبوونەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووە، چەند جارێک قوتابییانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان.
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک؛ ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران خوێندن ئاساییە. لەو سنوورانەشی بایکۆت هەیە، خوێندنی ئەهلی لە هەموو قۆناخەکاندا بەردەوامە و دوانەکەوتوون.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.