لە لوڕستان دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی کۆیەشت-خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی کەسێکی لێکەوتەوە.
رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 23-01-2025، لە نزیک شەقامی زەمزەمی کۆیەشت لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری دێنا پڵەس روویداوە.
محەممەد زارعی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، دوو لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە، شۆفێرەکەیشی کە ژنێک بووە، بە سەختی بریندار بووە.
فەرزاد سپەهوەند، بریکاری تەکنیکیی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بریندارەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی شاری کۆیەشت و لەژێر چادوێریی پزیشکیدایە.
بەپێی زانیارییەکان هۆکاری رووداوەکە لادانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ سایدی بەرامبەر بووە و شۆفێری بارهەڵگرەکەش هیچ زیانێکی گیانی پێنەگەیشتووە و سەلامەتە.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-10-2024، 11 هەزار و 873 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 238 هەزار و 384 کەسیش بریندار بوون.