مەزڵووم عەبدی: نزیکەی 200 هەزار کورد لە عەفرین و سەرێ کانی دەرکران؛ داوای لێپرسینەوە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، لە ساڵانی 2018 و 2019دا نزیکەی 200 هەزار کورد لە عەفرین و سەرێ کانی ئاوارە بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێزانین"یان بۆ هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر هێرشەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەیە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانیا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، "بەم دواییە بەرپرسانی ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پەیام و لێدوانیان بۆ پشتگیرکردن لەم ناوچەیە (ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) هەبووە."
فەرماندە کوردەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسانی ئیسرائیل "بۆ پاراستنی گەلی کورد لێرە پەیامیان هەبوو. بێگومان ئەوە شتێکی راست و لە جێی خۆیدا بوو. شتی راست هەر راستە. هەڵبەت ئێمە پێزانینمان بۆیان هەیە."
لەبارەی ئەو هەڵوێستەی ئیسرائیلەوە مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "سیاسەتی ئەوان پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، بەڵام پێزانیمان بۆ ئەو قسانەیان هەیە."
4ی ئەم مانگە، میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڵاویکردەوە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "گەرەنتیی ئەرێنی" بە کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا داوە، لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوشانە بیانییەکانی داوای کردووە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا بپارێزرێن و هێرشی سوپای نیشتمانیی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوەستێت.
جەدعون ساعر لە کۆتایی کانوونی یەکەمیش پشتیوانیی "مەعنەوی و دیپلۆماسی" بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەمان هەڵوێست بنوێنن.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە ئەو کاتە گوتی، "کوردەکان خەڵکێکی لایەنگری رۆژئاوا و دۆستن. پێویستە پشتیوانییان لێ بکەین."
رۆیشتنی چەکدارەکانی داعش بۆ نێو ریزی گرووپە چەکدارەکانی سووریا
هێرشی گرووپە چەکدارەکان مەترسییان خستووەتە سەر کەمپ و زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە دەیان هەزار چەکداری داعش و کەسوکاریانی تێدایە.
ئەمریکا و بەشێک لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی چەندین جار داوایان لە تورکیا کردووە رۆڵ و پێگەی خۆی بەکاربێنێت بۆ ئەوەی سوپای نیشتمانیی سووریا هێرشەکانی بووەستێنێت تاوەکو هێزە زۆرینە کوردییەکە بەردەوام بێت لە پاسەوانیکردنی ئەو زیندان و کەمپانە و لە شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش دانەبڕێت.
مەزڵووم عەبدی بە میدیا بەریتانیەکەی راگەیاندووە، سوپای نیشتمانیی سووریا بە "ئاشکرا دەڵێت دەیانەوێت ئەو زیندانانە بشكێنن."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک پێشتر ئەندامەکانی داعش هەڵدەهاتن، دەچوونە نێو ریزەکانی دەستەی تەحریری شام و سوپای نیشتمانیی سووریا، چونکە "بیرکردنەوەیان نزیک یەکە. بڕوایان وەک یەکە. دەچوونە نێویان و شەڕیان بۆ دەکردن".
مەزڵووم عەبدی هەروەها دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا کە ئۆپەراسیۆنیان دەکرد، زۆر لە چەکدارانی داعش بەرەو ئەو شوێنانە هەڵدەهاتن کە لە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەکدارانەدا بوو و گوتی: "ئێوە دەزانن چەند جارێک سەرکردەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا کوژران."
لە بارەی گرووپە چەکدارەکان کە چەندین ئەندامی پەڕگیریان تێدایە، مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "ئەوان کە باسی زیندانەکان دەکەن، دەڵێن زیندانەکانی هەسەدە، باسی داعش ناکەن. وا دایدەنێن کە ئەمانە دەبێت رزگاربکرێن."
مەزڵووم عەبدی هەروەها باس لەوە دەکات، کاتێک هەتەشە و گرووپە چەکدارەکانی دیکە "چوونە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێم و تاوەکو دیمەشق رۆیشتن، هەموو زیندانەکانیان ئازادکردن. دەیانەوێت هەمان شت لای ئێمەش بکەن. ئەوان دەڵێن، پێویستە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەش ئازادبکەین. بەڵام ئەمانە داعشن و لای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تۆمارکراون. بەڵام ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن، پێویستە ئەوانە ئازادبکرێن."
ئێستا نزیکەی 40 هەزار کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلی حەسەکەن و 10 هەزار چەکداری پێشووش لە زیندانەکاندان کە هەموو ئەوانە دوای تێکشکاندنی "خەلافەتی" داعش لە ساڵی 2019 کەوتنە دەستی هەسەدە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا بە فەرمی داوایان نەکردووە هیچ کەسێک لە کەمپی هۆل ئازاد بکرێت؛ گوتیشی: "هێشتا دەستمان بە پڕۆسەی دانوستاندن لەسەر ئەو بابەتە (کەمپی هۆل) نەکردووە."
بەڵام گوتی "بێگومان" لە داهاتوودا داوای ئەو شتەیان لێدەکەن، "چونکە ئەوان حکومەتی دیمەشقن و ناوەندن. لە داهاتوودا داوا دەکەن بەشێک بن لەم دۆسیەیە."
داواکردنی دادپەروەری
فەرماندەکە باسی لەوە کرد، لە داهاتوودا ئەوانیش داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکەن ئەو کەسانە بە سزا بگەیێندرێن کە مافی کوردیان پێشێل کردووە.
مەزڵووم عەبدی گوتیشی، "خەڵکەکەمان لە عەفرین، نزیکەی 200 هەزاریان لە شوێنەکانیان دەرکران؛ لە سەرێ کانی و گرێسپی دەرکران. زۆر سڤیل کوژران. بێگومان ئێمە لەوانەش دەپرسینەوە. داوا دەکەین سوپای نیشتمانیی سووریا سزابدرێت، چونکە ئەوانیش زۆر ستەمیان لە گەلەکەمان کردووە."
بە گوتەی فەرماندە کوردەکە، لە ئەنجامی هێرشی سوپای نیشتمانیی سووریا 120 هەزار هاونیشتمانی لە ناوچەی شەهبا و تەلرەفعەت ئاوارە بوونەتەوە. دەشڵێت، "ئەوانە ئاوارەکانی عەفرین بوون کە رۆیشتبوون بۆ ئەو ناوچەیە. کاتێک هێرشەکە کرا، بەشێکیان ئەوێیان جێهێشت و چوونە حەلەب. 120 هەزار کەس جارێکی دیکە ئاوارە بوونەوە."
مەزڵووم عەبدی دەڵێت، "پێویستە ئەو خەڵکە قەرەبوو بکرێنەوە و هەر کەسێک لە پشت ئەو ستەمەوە بووبێت، رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە."
فەرماندەکەی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، زۆر لەو ئەندامانەی هەسەدە کە لەگەڵ هێرشەکە کەوتنە دەست سوپای نیشتمانیی سووریا "بە شێوەی شێوەی مەیدانی لەسێدارەدران." هەروەها رەخنە لە رێخکراوە نێودەوڵەتییەکان دەگرێت کە "کەمتەرخەم" بوون لە پرسینەوە لە سۆراخی ئەو ئەندامانەی هەسەدە، بە تایبەتی ژنە شەڕڤانەکان کە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستگیرکران.
دەشڵێت، "لە دانوستاندنەکاندا باس لە چارەنووسی ژنە رفێنراوەکانی هەسەدە لەگەڵ هەتەشە دەکەین."