سەرۆک بارزانی: چاوەڕوانیمان لە دەسەڵاتی سووریا ئەوەیە کۆتایی بە مەینەتییەکانی گەلی کورد بهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی دەڵێت، هیواخوازە ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای نوێی سووریا قسەکانی بکاتە کردار.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، کە بە زمانی عەرەبی لە هەولێرەوە پەخش دەکات، پرسیار لە سەرۆک بارزانی کرا کە تێڕوانینی بەرامبەر ئەحمەد شەرع چۆنە؟ لە وەڵامدا سەرۆک بارزانی گوتی، "ئەوەی تاوەکو ئێستا گوێمان لێبووە، قسەی باش و گونجاوە، کە هیوادارین لە داهاتوودا بکرێتە کردار."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی، لە 8ی کانوونی یەکەمدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت."
 
شەرع هەروەها بەڵێنیداوە مافی پێکهاتەکانی دیکەش لە سووریای نوێدا دەستەبەربکرێن، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆشیارییەوە لە هەنگاوەکانی دەڕوانێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەتەشە هێشتا لە لیستی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و پێشتر لەژێر ناوی "بەرەی نوسرە" لقێکی رێکخراوی قاعیدە بووە.
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "مافی خۆمانە هۆشیار بین، چونکە قسەکردن بە تەنیا ئەنجامی نابێت. قسە دەرگا بۆ کردار دەکاتەوە. هیوادارین لە داهاتوودا بە کردار هەنگاو بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سوود و پەند لە رابردوو وەربگیرێت. پێویستە چاوەڕێ بکەین."
 
سەرۆک بارزانی هەروەها وەبیریهێنایەوە کە "کورد لە سووریادا بەدەست بەعەرەبکردن و سەرکوتکارییەوە ناڵاندوویەتی، هەر لە ساڵی 1962 لە سەردەمی عەبدولحەمید سەڕاجەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە." گوتیشی، "گرنگترین شت کە ئێمە لە سیستمی نوێی دیمەشق چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە، کۆتایی بەم نەهامەتییانەی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بهێنێت، تاوەکو بتوانن ئازادیی خۆیان بەدەستبهێنن، هەست بە شکۆمەندی، هاووڵاتیبوون و مرۆڤایەتیی خۆیان بکەن. ئەوەی کە پەیوەندی بە گەلی کورد لە سووریاوە هەیە، داوایان لێ دەکەین، رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر. داوا لە دیمەشقیش دەکەین لە تایبەتمەندیی کورد لە ناوچەکە تێبگات."
 
لەبارەی ئەوەی کە پێی باشە کورد لە سووریای نوێدا چ شێوە قەوارەیەکی سیاسیی هەبێت؟ سەرۆک بارزانی گوتی، "بڕیارەکە بۆ خۆیان (واتە کوردی رۆژئاوای کوردستان) جێدەهێڵم کە لەنێو خۆیاندا رێکبکەون و دواتریش لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکبکەون. نامەوێت شێوازی ئەو چارەسەرە دیاری بکەم کە بەکاریدەهێنن. ئەوە ئەوانن کە پێویستە بڕیار بدەن چۆن لەگەڵ دیمەشق کۆدەبنەوە."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەیشی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە نێوەڕاستی ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی گوتی، "بینیمان دۆخ گونجاوە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی ئەوە دەخوازێت لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم کۆببمەوە. بە سوپاسەوە هات و پێشوازیم لێکرد. بۆچوون و بیرۆکەکانمان ئاڵۆگۆڕ کردن؛ هەروەها باسی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ بەڕێز شەرع بۆ کردم. وادیارە خاڵی هاوبەش هەن؛ ناکۆکیش هەن."
 
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئامۆژگاریی" مەزڵووم عەبدیی کرد "بێهیوا نەبێت و پەنا بباتە بەر رێگەی گفتوگۆ و خۆی لە هەموو هەژموونێکی دەرەکی رزگار بکات، هەروەها ئامۆژگاریم کرد لەسەر یەکخستنی گوتار و هەڵوێستی کورد کار بکات."
 
سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، کوردی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە داهاتووی خۆیان "گەشبینن، بەڵام ترسیشیان هەیە، چونکە داهاتوو نادیارە. نازانن داهاتوو چۆن دەبێت،" بەڵێنیشی دا کە "هەموو هەوڵێک" دەدات "بۆئەوەی داهاتوویەکی سەقامگیر، شکۆمەندانە و خۆشگوزەران بەدەستبێنن."
 
سەرۆک بارزانی رەتیکردەوە مەزڵووم عەبدی هەستی جوداخوازی هەبێت، بەڵکو دەیەوێت "بەشێک بن لە سووریا بەڵام مافیان پارێزراوبێت؛ ئەو مافانەی لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە لێیان بێبەشکراون."
 
لەبارەی هەژموونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "کاتی ئەوەیە پەکەکە لێگەڕێت کورد لە سووریا بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و دەست لە کاروباریان وەرنەدات و واز لە ناوچەکە بێنێت، چونکە هەبوونی ئەوان کێشەیەکی گەورەیە و بیانوویەکیشە بۆ دەستوەردانی تورکیا."
 
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت "رۆڵێکی گەورە لە سووریادا بگێڕێت،" لەوانەش لە یەکخستنی هەڵوێستی کورد، هاندانی کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، یارمەتیدانی بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن. 
 
سەرۆک بارزانی هەروەها دەڵێت: "مەرج نییە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە سووریا دووبارە بکرێتەوە؛ هەموو بەشێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە."
 
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئامادەیە لە ئەگەری چەوساندنەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، لە رووی سەربازییەوە پشتیوانییان لێ بکات، سەرۆک بارزانی گوتی: "هیوادارین نە ئێمە و نە ئەوان ناچاری بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبن"، بەڵام جەختیشیکردەوە: "نەوەک هەر کورد، بەڵکو هەر مرۆڤێک ئەگەر رووبەڕووی ستەم بووەوە و توانیمان یارمەتی بدەین، ئەوا بێ دوودڵی یارمەتیی دەدەین."
 
سەرۆک بارزانی گوتیشی: "مەترسی هەیە" کورد لە سووریا رووبەڕووی ستەم بێتەوە، "بەڵام هیواخوازین ئەوە روونەدات."