کۆمەڵەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان: 245 هەزار کوردی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستانن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، نزیکەی 260 هەزار هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژئاوا و هاووڵاتیی خەڵکی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەژین، کە 245 هەزاریان هاونیشتمانین. ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕانەوەیان هاوکار نین.
ئەمڕۆ هەینی 24-01-2025 هۆزان عەفرینی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هێڤیدار زانا پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "نزیکەی 260 هەزار پەنابەری خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەژین."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان گوتیشی، لەو ژمارەیە زیاتر لە 200 هەزاریان لە هەولێر و دهۆکن و 60 هەزاریان لە سلێمانی و هەڵەبجە دەمێننەوە.
هۆزان عەفرینی ئاماژەی بەوەش کرد، 245 هەزاریان کوردن و 15 هەزاریان عەرەب، تورکمان، ئاشووری و ئەرمەنین.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، دۆخی ئەو هاونیشتمانی و هاووڵاتییانە باش نییە و لە ساڵی 2019وە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی لە هاوکاریکردنیان هەڵگرتووە.
هۆزان عەفرینی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانی و هاووڵاتییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا، حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ هاوکارییەکی نەکردووە، "لە هەر وڵاتێک بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران بودجەیەک دەستنیشان دەکرێت، بۆئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام تاوەکو ئێستا لە عێراق ئەمە نەکراوە."