نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە گەیێندرایە رۆژئاوای کوردستان و دابەشکردنی دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی ناردنی سووتەمەنیی بۆ رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی-یەوە دا، بەرپرسێکی دەزگاکە دەڵێت، "دابەشکردن دەستیپێکردووە و ئەوانەی پێویستیان پێیەتی، نەوتیان پێدەدرێت."
 
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ شەممە 24-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شەوی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی نەوتدا، لە قامشلۆ دابەشکردنمان بەسەر ئاوارەکاندا دەستپێکرد."
 
کاروانی یەکەم 100 هەزار لیتر نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە گەیێندراوەتە قامشلۆ. رەواج حاجی، کە خۆی لە رۆژئاوای کوردستانە، دەڵێت، "شەوی رابردوو هەموو تانکی نەوتی قوتابخانەکانمان پڕ کرد و ئاوارەکان کە لەو قوتابخانانەدا دەمێننەوە، خۆیان لەوێ وەری دەگرن."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی، "ئەمڕۆ سێ تیممان نەوت دابەش دەکەن؛ یەکێک لە قامشلۆ، ئەوانی دیک دێرک و عاموودا."
 
بە گوتەی رەواج حاجی، 100 هەزار لیتر نەوتی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە نێردراوە بۆ رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ گەیشتنی، ئەویش دابەش دەکرێت.
 
بەهۆی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا کە 6ی ئەم مانگە بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەستیپێکرد و دواتر فراوان بوو ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، دەیان هەزاران هاونیشتمانی ئاوارەی ناوچە ئارامەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون. لەگەڵ خۆراکدا، بەهۆی سەرما و بەفربارینەوە پێویستی خێرایان بە سووتەمەنی هەیە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناردنی نەوت بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی سەرما.