قایمقامی دەربەندیخان: پڕۆژەی ئاوی شارەکە 95٪ـی تەواو بووە


رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای دەربەندیخان دەڵێت، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی شارەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 95٪ـی کارەکانی تەواو بوون. ئاماژە بەوەش دەکات، ئاوی ئێستای دەربەندیخان شیاوی خواردنەوە نییە، بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە تاوەکو هاوینی ئەم ساڵ پڕۆژە نوێیەکە بکەوێتە گەڕ. 
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو، باسی لە دۆخی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکە کرد و رایگەیاند: "بۆ پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان کە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی قەیرانەوە راگیرا، لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانەوە 9 ملیۆن دۆلار تەرخان کرا، ئەویش لەڕێگەی فرۆشتنی پارچە زەوییەک لە سلێمانی. تاوەکو ئێستا پێنج ملیۆن دۆلار بە نەختینەیی دراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکار. لەڕووی بیناسازییەوە پڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەچێ و 95٪ی کارەکانی تەواو بووە و تەنیا بەستنی کەلوپەلە کارەباییەکان و ترومپاکانی ماوە کە لە ئەڵمانیا و دانیمارکەوە داوا کراون."
 
قایمقامی دەربەندیخان هۆشداری دا لە خراپیی دۆخی ئاوی ئێستای شارەکە و گوتی: "ئاوی ئێستا کەمە و پیسیشە؛ بەپێی راپۆرتە تەندروستییەکانیش شیاوی خواردنەوە نییە، بۆیە داوامان کردووە پەلە لە تەواوکردنی پڕۆژە نوێیەکە بکرێ."
 
رێگەوبانەکان؛ گرفت و پڕۆژە وەستاوەکان
 
سەبارەت بە دۆخی رێگەوبانەکان، سلێمان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای سەردانی جیگری سەرۆکوەزیران بۆ شارەکەیان، داوای وەگەڕخستنی چەند پڕۆژەیەکیان کردووە لەوانە، رێگەی دەربەندیخان-چنارە (حەسەنە گەورە) کە بەشێکە لە جووتسایدی سلێمانی-گەرمیان کە کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بارانبارین و گرفتی نەختینەوە کارەکان سستن. هاوکات پڕۆژەی بەرزەپردی ژاڵەناو بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەوە لە ئێستادا وەستاوە کە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە بۆ شارەکە.
 
قایمقامی دەربەندیخان ئەوەشی خستەڕوو پڕۆژەی رێگەی گوندەکانی بناری زمناکۆ بۆ ناوچەی تاوگۆزی بە دوو قۆناخ و بە گوژمەی زیاتر لە 3.5 ملیار دینار کاری تێدا دەکرێ کە درێژییەکەی نزیکەی 11 کیلۆمەترە.
 
"سەنتەری گورچیلە خەریکە پەکی دەکەوێ"
 
لەبارەی سێکتەری تەندروستیش، قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەکرد 460 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی شەهید ئازاد تەرخان کراوە، کە لە بوومەلەرزەکەی 2017ـەوە زیانی بەرکەوت؛ هەروەها بڕی 700 ملیۆن دیناریش بۆ دروستکردنی شوێنی مانەوەی پزیشکان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جێگیرکراوە. 
 
سەبارەت بە سەنتەری شۆردنی گورچیلەش گوتی: "گرفتی کەمیی ئامێرمان هەیە. وەزیری تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی بەڵێنیان داوە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خەرجییەکان، ئامێری نوێ بۆ سەنتەرەکە دابین بکەن. لەرێگەی رووداوەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەم گرفتی ئامێری سەنتەری شۆردنی گورچیلە لە شارەکەمان چارەسەر بکەن."
 
250 ملیۆن دینار زیانی لافاو
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سلێمان محەممەد ئاماژەی بە زیانەکانی لافاوەکەی مانگی کانوونی یەکەمی 2025ی کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 250 ملیۆن دینار زیان بە کەرتی گەشتیاری و پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی کەوتووە، جگە لەو زیانە زۆرەی بەر شەقامەکانی ناو شار و رێگەی گوندەکان کەوتووە.
 
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران
 
لەبارەی پرسی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران، قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "شارەوانی سەرقاڵی رێکارە یاسایییەکان و کوژانەوەی ئەو زەوییانەیە کە دەکەونە دەرەوەی سنووری شارەوانی. ئێستا نەخشەکان نێردراون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی بۆ پەسندکردن، تاوەکو دواتر بەپێی رێکارەکان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێن."