کارەبای کەرکووک: تاوەکو دوو مانگی دیکە زیاتر لە 300 بگۆڕی نوێ دادەنرێن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کەرکووک پلانێکی بەرفراوان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای گەڕەکەکانی شارەکە رادەگەیێنێت و جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت: "تاوەکو هاوین زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکەین و تاوەکو دوو مانگی داهاتووش زیاتر لە 300 بگۆڕی نوێ دادەنێین."

دانیشتووانی بەشێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک گلەییان لە خراپیی دۆخی کارەبا هەیە. دانیشتوویەکی پەنجەعەلی لە کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی گوت: "نزیکەی 10 رۆژە دۆخی کارەبامان خراپە؛ داواکارین کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن."
 
دانیاڵ هەمەوەندی، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک، بە رووداوی گوت: "بەهۆی گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا، بەردەوام بۆرد و قاتعەکان گرفتیان بۆ دروست دەبێت. ئێمەش بەردەوامین لە چارەسەرکردنی کێشەکە. ئێستا کێشەکان لەژێر کۆنترۆڵدان و هەوڵی جیدی بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین."
 
سەبارەت بە بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک گوتی، پارێزگاری کەرکووک بۆ چارەسەری بەپەلەی کێشەکان، بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دیناری تەرخان کردووە. گوتیشی: "بۆ پلانی داهاتووش، بڕی پێنج ملیار دینار بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکانی کارەبا تەرخان دەکرێ."
 
دانیاڵ هەمەوەندی ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بگۆڕەکان کرد و گوتی: "پلانمان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا نزیکەی 300 بگۆڕی نوێ دابنێین، لە قۆناخی دواتریشدا ئەو ژمارەیە بۆ 400 بگۆڕ زیاد دەکەین."
 
بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کەرکووک، بڕیارە تاوەکو وەرزی هاوین نزیکەیی 80٪ی کێشەکانی کارەبا چارەسەر بکرێن، چ ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە کەموکورتی تەکنیکییەوە هەیە و چ ئەوانەی بەهۆی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکان دروست بوون.
 
جێگری بەڕێوەبەری کارەبای کەرکووک گوتی، پڕۆژەکان بە وردی و بەدواداچوونی بەردەوامی پارێزگاری کەرکووک جێبەجێ دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگار جگە لە دابینکردنی بودجە، ئامێری پێویستیشی بۆ دابین کردوون تاوەکو لەکاتی پێویستدا کارەکان خێراتر بکەن.