کۆبانی؛ "تەندروستی لە لێواری کارەساتدایە و دەرمان و شیری منداڵان بەرەو نەمان دەچن"
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ رایدەگەیێنێت، شارەکە رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی و تەندروستیی قورس بووەتەوە و دەڵێت، "دەرمان لە نەخۆشخانەکانمان زۆر کەمە و خەریکە کۆگەکان خاڵی دەبن."
د. ئەحمەد مەحموود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئێستا گەورەترین کێشەمان کەمیی دەرمان و شیری منداڵانە. دەرمانەکانمان بەرەو تەواوبوون دەچن و لە هەندێک جۆری وەک دەرمانی نەخۆشیی شەکرە، لە لێواری نەماندان، شیری منداڵانیش لە تەواوی شارەکەدا نەماوە."
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان و کەرتی تەندروستی لە ژێر گوشاری شەڕ و ئاوارەبوونی خەڵکدا، د. ئەحمەد گوتی، "نزیکەی 250 هەزار ئاوارە روویان لە کۆبانی کردووە. لە کاتێکدا 300 بریندار لە شارەکەدا هەن، تاوەکو ئێستا تەنیا توانیمانە نەشتەرگەری بۆ 70 کەسیان بکەین."
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانێ هۆشداریی دا لە راوەستانی کاری نەخۆشخانەکان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سووتەمەنی بۆ بەگەڕخستنی موەلیدەی نەخۆشخانەکان نەماوە.
تەنیا کەرتی تەندروستی نییە کە مەترسیی لەسەرە، بەڵکو دۆخی بژێوی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش خراپن. د. ئەحمەد مەحموود دەڵێت، "ئاو لەسەر کۆبانی بڕدراوە و لە تەواوی شارەکەدا تەنیا دوو نانەواخانە کار دەکەن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خەڵک و ئاوارەکان دروست کردووە."
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی کۆبانی داوای هاوکاریی بەپەلەی کرد و گوتی، "ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و دەرمان و سووتەمەنین بۆ ئەوەی رێگری لە کارەساتێکی گەورەتر بکەین."
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکرات لە هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بانگەوازێکی بەپەلە و نائاسایی ئاراستەی گەلانی ناوچەکە و رای گشتیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی شاری کۆبانی بەهۆی "گەمارۆیەکی خنکێنەرەوە" گەیشتووەتە لێواری کارەساتێکی مرۆیی راستەقینە کە هەڕەشە لە ژیانی سەدان هەزار مەدەنی بێتاوان دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا هاتووە، کۆبانی سیمبووڵی بەرخودان و خۆڕاگرییە و ناوەکەی لە یادەوەری سوورییەکان و جیهاندا هەڵکۆڵراوە، ئەوەش بەهۆی ئەو قوربانییە گەورانەی لەپێناو بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی دژی تیرۆر پێشکێشی کردووە.