لە خاڵی سفری سنوورەوە؛ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق خراونەتە ئامادەییەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە خاڵی سفری نێوان عێراق و سووریا، جموجۆڵی هێزە ئەمنییەکان زیادیکردووە. 6 لیوای حەشدی شەعبی، 3 لیوای پاسەوانی سنوور و 4 لیوای سوپای عێراق خراونەتە ئامادەییەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هەر دەستدرێژییەکی چەکدارە تووندئاژۆکانی ئەودیو سنوور.
قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداو سەبارەت بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی: "نەخێر، هیچ پەیوەندییەکمان نییە. دیسان دەیڵێمەوە هیچ پەیوەندییەکمان نییە. ئەگەر حکومەتی عێراق هەماهەنگییەکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت، ئەوە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە، نەک فەرماندەکانی ئێرە."
تۆمارکردن و بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆییەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریای عەرەبی، لە عێراق وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵات دەبینرێت و کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
باوکی حەسەنێن، فەرماندەی لیوای "تەفوف"ی حەشدی شەعبی، ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بە "پڕوپاگەندەی لاوازەکان" ناودەبات و دەڵێت: "ئێمە ئێستا لەسەر سنوورین، با بێن جارێکی دیکە چانسی خۆیان تاقیبکەنەوە؛ ئەوکات دەبینن رۆڵە پاڵەوانەکانی عێراق لە هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی چۆن وەڵامیان دەدەنەوە."
لای خۆشییەوە، ئەبو سەیف تەمیمی، نوێنەری لیوای 13ـی حەشدی شەعبی، جەخت لە پاراستنی سنوورەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "مادام ئێمە لێرەین، ناتوانن بگەنە کەربەلا و بستێکیش بێنە نێو خاکی عێراق."
بەدرێژایی نزیکەی 530 کیلۆمەتر لەسەر سنوور، دیواری کۆنکرێتی، تەلی دڕکاوی و کامێرای حەراری جێگیرکراون، بەڵام هێشتا 90 کیلۆمەتر لە سنوورەکە ماوە کە بەو بەربەستانە قایم بکرێت.
لە کۆتا خاڵی نێوان عێراق و سووریا، ئاڵای هەردوو وڵات بەرامبەر یەک دەشەکێنەوە. هەرچەندە لێرە دەنگی تەقە نابیسترێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا خەڵک هێشتا ترسیان هەیە و دەترسن سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە ببێتەوە، داعش لە سنوورەکان بپەڕێتەوە و جارێکی دیکە بەشێک لە خاکی عێراق داگیر بکات.