رێکخراوێک قردێلەی سەوز لە ملی چەند سەگێک دەکات

رووداو - هەولێر 

لە شارۆچکەی دەربەندیخان لەدژی کوشتنی سەگەکەی کۆلێژی ئەندازیاری، رێکخراوی سرووشتى كوردستان، قردێلەی سەوز لە ملی چەند سەگێک دەکەن و هاوسەرۆکی رێکخراوەکەیش دەڵێت "ئیدانەی کوشتنی ئەو سەگەمان کردووە و ئەمڕۆش وەک هەڵوێستێک لەبەرامبەر نەکوشتنی سەگەکان ئەو کارەمان کردووە".


سەروەر قەرەداغی، هاوسەرۆکی رێکخراوی سرووشتى كوردستان لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " رۆژی هەینی 24-2-2017، رێکخراوەکەمان لەبەرامبەر نەکوشتن و ئازارنەدانی سەگ، هەستا بە دابەشکردنی چەند قردێلەیەکی رەنگ سەوز بۆ ملی چەند سەگێکی ناوچەکەمان و بە چەند دروشمێکیش هەڵوێستمان لە دژی کوشتنی سەگ راگەیاند".



هاوسەرۆکی رێکخراوی سرووشتى كوردستان رایگەیاند "ئێمە  ئاگاداری رەوشی مافی مرۆڤین لە باشووری كوردستان، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بەردەوامی دەبێت تاكاتێك بیر لە ئازاردان و برینداركردن و كوشتنی ئاژەڵێك بكرێتەوە، بۆیە ئێمە وەك پارێزانی مافی ئاژەڵ لە رێكخراوەکەمان داوای پاراستنی مافی ئاژەڵان دەكەین".

هەروەها دەڵێت "دەربڕینی ناڕەزایەتیەكیش بۆ ئازاردان و برینداركردن و كوشتنی سەگەكان، بەتایبەت كوشتنی سەگ لە ناوەندێكی زانكۆی لە باشووری كوردستان، گردبوونەوەی ناڕەزایەتیمان ئەنجامدا و قردێلەی رەنگ سەوز، كە رەنگی ژینگەیە و هێمای ژیانەوەیە كردمانە ملی ژمارەیەك سەگ". 

هاوسەرۆکی رێکخراوی سرووشتى كوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە "ئاژەڵە بێ‌ خاوەنەكان بەڕەڵای شەقامەكان و رووبەڕووی برینداركردن و كوشتن دەكرێنەوە، تا ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان هیچ ماڵێكی تایبەت بە ئاژەڵان نیە كە لەخۆی بگرێ و بیانپارێزێت. بۆیە پارێزەرانی مافی ئاژەڵ لە رێكخراوەكەمان لەئێستادا كاربۆ نووسینەوەی پرۆژەیەك دەكەن بۆ دروستكردنی ئەو ماڵە تایبەتە بە ئاژەڵان".


پێشتر هەفتەنامەی رووداو لە دوایین ژمارەی خۆی رۆژی دووشەممە 20-2-2017 راپۆرتێکی لەبارەی کوشتنی سەگێک لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین بڵاوکردەوە، کە تێیدا بکوژی سەگەکە و چەند کەسێکی دیکە قسەیان لەسەر بابەتەکە کردبوو.

رۆژی 16-2-2017، وێنەی كوژراوی سەگێك لە گەراجی ئۆتۆمبێلەكانی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەددین، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی و راگرایەتیی ئەو كۆلێژە بە كوشتنی ئەو سەگە تۆمەتباركرا. بەڵام راگرایەتی ئەو كۆلیژە و سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەددین تۆمەتەکەیان رەتکردەوە.